یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی عێراق هەموار دەکرێتەوە؛ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. بەپێی هەموارە نوێیەکە، گۆڕانکاریی گەورە لە مووچەی خانەنشیناندا دەکرێت و هەوڵیش دەدرێت کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە سوودمەندبوانی ئەو یاسایە بن.
 
رۆژی شەممە، 9ی ئایاری 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان تەواو کردووە و دوای دەنگدان بە حکومەتی نوێ، دەخرێتە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە یاسا نوێیەکەدا دەرماڵەی مەترسی دەخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی لە کاتی خانەنشینبووندا. ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی مووچەکە بەپێی بڕوانامە لە سەرەتاییەوە تاوەکو دکتۆرا دەگۆڕێت و بۆ هەندێک پلە و بڕوانامەی بەرز، مووچەی خانەنشینی دەگاتە سەروو سێ ملیۆن دینار، بە مەرجێک کەمتر نەبێت لە 75%ی ئەو مووچەیەی لە کاتی دەوامکردندا وەریگرتووە.
 
یەکێک لە خاڵەکانی هەموارەکە، هەڵوەشاندنەوەی مەرجی تەمەنە بۆ ئەو کارمەندانەی کە ئارەزوو دەکەن بە ویستی خۆیان خانەنشین ببن.
 
سەبارەت بە مافی کارمەندانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی گوتی، "ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری وەک یەک تیم کار دەکەین و لۆبی دەکەین بۆ ئەوەی ئەم یاسایە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە."
 
دووبەردانی دەڵێت، بڕیارە سبەی یەکشەممە کاژێر 11:00، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی عێراق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کۆتا وردەکارییەکان و لەوێ باس لە مافی کارمەندانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن.
 
بڕیاربوو 10ی ئەم مانگە یەکەم خوێندنەوە بۆ رەشنووسی یاساکە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بکرێت، بەڵام هەتاوەکو دەنگ بە حکومەتی نوێ نەدرێت، هەموارەکە ناخرێتە بەرنامەی کارەوە. گوتیشی، "بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو مانگی 7 هەموارەکە دەنگی لەسەر دەدرێ و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە فێڵکردنی ئەلیکترۆنی دەدات

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی فێڵکردنی دارایی ئەلیکترۆنی دەدات و دەڵێت، لە کەرکووک و دیالە چەندین تۆمەتباریان دەستگیرکردووە سەتان ماستەرکارد و سیمکارتیان پێبووە.