کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان بە بودجە

.

09-06-2023

01:11

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا
 
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 12 مادەی پڕۆژەیاسای بودجە درا و کۆبوونەوەکە بۆ کاژێر 17:00ـی رۆژی شەممە هەڵگیرا. 

01:07

دەنگدان بە مادەکانی 14، 15، 16 و 17 لە پڕۆژە یاسای بودجە دواخرا

کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق
 

دەنگدان بە هەر یەکە لە ماددەکانی 14، 15، 16 و 17 لە پڕۆژەیاسای بودجە دواخرا دەنگ بە ماددەی 18 درا. شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو ماددانە ناکۆکییان لەسەرە، بۆیە بڕیار درا بە دواخستنیان بۆ کاتێکی دیکە.
 
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی حەوتەمی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە کێشەیان دروستکردووە و مەبەستیانە بیانوویەک بۆ بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە. 
 
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بوونی ناکۆکی سەبارەت بە مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە، رۆژی شەممە، 10-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی 14 دروستبووە، دوای ئەوەی رۆژی هەینی رێککەوتن لەنێوان فوئاد حوسێن وەک نوێنەری پارتی و هادی عامری وەک نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی مادەی 14 کرا.
 
سیپان شێروانی راشیگەیاند، بڕگەی حەوتەمی مادەی 14 بەگوێرەی پێشنیازە نوێیەکە کە فوئاد حوسێن و هادی عامری لەسەری رێککەوتبوون، دەڵێت، "لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پابەندییە دەستوورییەکان، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێکدێت و لە ماوەی 30 رۆژدا پێشکێشی سەرۆکوەزیران دەکرێت و ئەویش بە بڕیارێک چارەسەری دەکات". 
 
سیپان شێروانی گوتی، بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە بەم دەقە رازی نین و پێشنیازیان کردووە لە بڕگەی حەوتەمی مادەی 14دا بنووسرێت، ئەگەر کێشە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان روویدا، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەبڕدرێت تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکرێت. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت، بەهۆی ناکۆکی لەبارەی دەقی پێشنیازکراوی بڕگەی حەوتەم، دەنگدان لەسەر مادەی 14 دواخرا.

 

00:09

بەهۆی گرژییەکانەوە دەنگدان بە مادەی 14 دواخرا

 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو دەڵێت، لەسەر گۆڕانکارییەکانی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە لەنێو دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆی تووند و گرژی دروستبووە و دانیشتنەکە بۆ ماوەیەک راگیراوە. 
 
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەهۆی گرژییەکانەوە دەنگدان بە مادەی 14 دواخرا و دەنگ بە مادەکانی دیکە دەدرێت. 
 
یەکێک لە بڕگەکانی مادەکانی 14 تایبەتە بە پاشەکەوتی مووچە و زۆرترین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لەنێو پەرلەماندا. 
 
 

00:08

مادەیەکی دیکەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پەسندکرا

 
پەرلەمانی عێراق مادەی 13ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەدا پەسندکرد. 
 
مادەی 13ـی رەشنووسی بودجەکە لە دوو بڕگە و شەش خاڵ پێکدێت کە بەمشێوەیەیە:
 
- یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێک هاتووە.
 
- ئـ - حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگاکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی و بە لانیکەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. کۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە هەمان میکانیزمەکانی کۆمپانیاکە هەناردە دەکات.  
 
ب - ئەگەر هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، نەکرێت، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەدات بە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
 
ج- وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، دەکاتەوە، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق.
 
د- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.   
 
و- قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکە حکومی و تایبەتەکانە، مانگانە بە قیست لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دانەوەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2023ەوە و دەستپێدەکات لە ماوەی حەوت ساڵ دەدرێنەوە.
 

22:39

مادەیەکی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پەسندکرا

رووداو
 
پەرلەمانی عێراق مادەی 12ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەدا پەسندکرد. 

 

22:31

پەرلەمانی عێراق مادەکانی 2، 9، 10 و 11ی پەسندکرد

 
پەرلەمانی عێراق هەریەک لە مادەکانی 2، 9، 10 و 11 لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا پەسند کرد. 
 

20:47

ئەو گۆڕانکارییە چییە لە بڕگەی مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان کراوە؟

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
 
گۆڕانکارى لە سێ بڕگەى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان دەکرێت کە تایبەتن بە پاشەکەوتى مووچە، مامەڵەى پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، دەرهێنانى نەوت لە کەرکووک و نەینەوا. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، گۆڕانکارى لە سێ بڕگەى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان دەکرێت کە پێشتر لەلایەن لیژنەى داراییەوە دەستکاریکراون.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانی رووداو، بڕگەى تایبەت بە گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچە لادەبرێت.
 
لەبرى مامەڵەى حکومەتى فیدراڵیی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەو بابەتە لە رێگەى گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەر دەکات، ئەگەر ناڕەزاییەک لەوبارەییەوە هەبوو. 
 
خاڵى سێیەمیش ئەوەیە رێگرى لە دەرهێنانى نەوت لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا ئەو کێڵگە نەوتانە نەگرێتەوە کە ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوتیان تێدا بەرهەم دەهێنێت. 
 

20:36

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە

رووداو
 
دوای ئەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی پەرلەمانی بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت، جارێکی دیکە دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەستیپێکردەوە.
 

20:19

جەمال کۆچەر بۆ رووداو: بڕگەی پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجە لابرا

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵیت، "بڕگەی پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجە لابرا." 
 
رۆژی هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بڕگەی پاشەکەوتی مووچە لابراوە." 
 
لای خۆشییەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
هەروەها ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "بە هەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەین پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە." 
 

19:18

حەلبووسی دانیشتنی پەرلەمانی راگرت

رووداو
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو دەڵێت، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی کاتی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دەنگدان لەسەر بودجە راگرت. 
 

19:00

فوئاد حوسێن: گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوامن

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن
 
فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: سەرقاڵی گفتوگۆین لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و "ئەمشەو وابزانم لێرە دەبین."
 
لە وەڵامی هەڵکەوت عەزیز کە ئایا رێککەوتنی کۆتایی کراوە یان نا، فوئاد حوسێن گوتی، "لە گفتوگۆداین."
 
 

22:21

کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان بە بودجە

کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق

رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بە ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار دەستیپێکرد. 
 
کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنى دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە 8ى حوزەیران شەش مادەى لێ پەسند کرا و مادەیەکى دواخرا و مادەیەکى دیکەى سڕدرایەوە. 
 
بڕیارە پەرلەمانى عێراق لە دەنگدان بە مادەى نۆى پڕۆژەیاساکەوە دەستپێبکات. 
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەکە 12.67٪ـە و مادەکانی 13 و 14 تایبەتە بە هەژماری بانکی و داهاتەکانی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە کوردستانەوە.