چارەنووسی لێکۆڵینڤانە ئیسرائیلییەکە لە عێراق بە تەمومژاویی ماوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رفاندنی ئەلیزابێت تسورکۆڤی لێکۆڵەری ئیسرائیلی- رووسی دەستپێکردووە، تائێستا چارەنووسی بە تەمومژاویی ماوەتەوە؛ پێشڤەچوون لە لێکۆڵینەوەکان بەدی نەهاتووە، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن گوشار خراوەتە سەر گروپە چەکدارە شیعەکان بۆ زانینی چارەنووسی تسورکۆڤ.
سەرچاوە جیاوازەکان لە حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن، رفاندنی تسورکۆڤ لە بەغدا ئامانجەکەی گوشارکردنە سەر ئیسرائیلە بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنە هەڵپەسێردراوەکان کە لەبارەی ئازادکردنی ئێرانییەک لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشتر هەبوون.
زانیارییەکان لەبارەی شوێنی ئێستای تسورکۆڤ جیاوازن. سەرچاوەیەکی ئەمنی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان باس لەوەدەکات تسورکۆڤ لای کەتیبەکانی حیزبوڵلایە و لەسەر داوای ئێران لای خۆیان گلیانداوەتەوە. هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوەدەکەن گواستراوەتەوە بۆ ئێران. ئێستا دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە بە نێوەندگیری هەرێمی، نەک نێوخۆیی و وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاسانکردنی دانوستاندنەکان. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن، گفتوگۆکان لە رێگەی رووسیا بەڕێوەدەچن و رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا ئازاد بکرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی یوسف شەهابزی کە ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێو ئێران بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە قوبرس رفاندی. چاودێرانی ناوخۆیی بە دووری نازانن رفاندنی شەهابزی و تسورکۆڤ پەیوەندیان بەیەکەوە هەبێت.
تسورکۆڤ، چەند جارێک سەردانی عێراقی کردووە و چاویشی بەو حیزبانە کەوتووە کە هێزی چەکداریان هەیە، بەو پێیەی گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لەسەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا. هەروەها لە سۆشیال میدیا وێنەکانی دەرکەوتوون و چاویشی بە ئەندامانی رەوتی سەدر و گرووپەکانی دیکە کەوتووە.
نەیارانی سەدرییەکان، سەدرییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیان لە رفاندنیدا هەیە، بەڵام ئەندامێکی رەوتی سەدر دەڵێت: "ئەو کەسانە لە تێکەڵکردنی کارتەکان بلیمەتن، بەڵام هەمووی لە عێراق دەزانن، ئەمانە پسپۆرن لە کردەوەی لەم شێوەیە".
سەرچاوەیەک باس لەوەدەکات، ئەو توێژەرە چاوی بە ژمارەیەک لایەنگری رەوتی سەدر کەوتووە، لە نوێژی هەینیان ئامادەبووە. ئەوان تەنیا وەک توێژەرێکی بیانی رووسی ئەویان ناسیوە، بەشێوەیەک هاوسۆزە لەگەڵ رەوتی سەدر و سەرکردەکەی، دواتریش ئەو بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا هاتووەتە نێو عێراق.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەک ناکەن، تاوەکو بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێت و دەگەنە ئەنجام".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیکردەوە رێگەیان بە هیچ ئیسرائیلییەک دابێت، بێتە عێراق و دەڵێت، چونکە یاسا رێگەنادات هیچ ئیسرائیلییەکان بێتە نێو عێراق، رەنگە ئەمە وەک هاووڵاتییەکی رووسی هاتبێتە عێراق.
هەفتەی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەتیبەکانی حیزبوڵلای تۆمەتبار کرد بەوەی نزیکەی چوار مانگە ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییەی رفاندووە. ئەبو عەلی عەسکەری، یەکێک لە بەرپرسانی کەتائیبەکانی حیزبوڵلا لە تویتێکدا نووسی، "سەرۆکوەزیرانی قەوارەی زایۆنی دانی بەوەدانا کە ئەندامی ئەمنی ئیسرائیلی لە عێراق هەیە کە ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بە وردی و تووندی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". هاوکات، گوتیشی "کەتائیبەکانی حیزبوڵلا تەواوی هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ لەبارەی چارەنووسی دیلەکانی زایۆنی لە عێراق". لەبارەی قسەکانی عەسکەری، بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت: "نازانم بۆچی دیلی داوەتەپاڵ، ئەگەر ئەمانە دوورن لەو بابەتەوە".
لەگەڵ هەموو ئەمانە ئێستا حکومەتی عێراق دەستوەستانە و نەیتوانیوە چارەنووسی رفاندنی ئەلیزابێت تسورکۆڤ ئاشکرا بکات و ئازادی بکات.