رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی شاری بەغدا، ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی پێشێلکارییەکانیان کردووە، سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵان لە لیواکانی 45 و 46ی حەشدی شەعبی.
ئەمڕۆ شەممە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، لیژنەی تایبەتمەند بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوی دەستدرێژییە تاوانکارانەکەی سەر فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ لە 27ی تەممووزی 2025، کارەکانی تەواو کرد. ئەو رووداوەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی قوربانیی بێتاوان، لە ئەنجامی بوونی هێزێکی چەکداری نایاسایی لەناو فەرمانگەیەکی حکومیی مەدەنیدا.
رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا؛ ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
لە رووداوەکەی بەغدا کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى بە پلەى رێگەپێدراو بەناوى غەزوان کەریم سەلمان روبەیعی و کەسێکی سڤیل کوژران.
لە نێوەڕۆکی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، ئەو چەکدارانەی کە ئەم پێشێلکارییەیان کردووە، سەر بە پێکهاتەی کەتیبەکانی حیزبوڵان و کارمەندی لیواکانی 45 و 46ی حەشدی شەعبین.
"هێزە ناوبراوەکە بەبێ فەرمان و رەزامەندی جووڵەی کردووە، کە پێچەوانەی رێکارە سەربازییە پەیڕەوکراوەکانە و، چەکی دژی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان بەکارهێناوە، کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی چەند کەسێک کە هەندێکیان سڤیل بوون."
"بەڕێوەبەری لەکارلادراوی کشتوکاڵ دەستی لە رووداوەکەدا هەبووە"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەبارەی تێوەگلانی بەڕێوەبەری لەسەر کار لادراوی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ، بە ناوی (ئیاد کازم عەلی) لەم رووداوانەدا، لێکۆڵینەوەکان، فەرمانە کارگێڕییەکان، بەڵگەنامە فەرمییەکان و دۆسیەی کارگێڕی تایبەتی خۆی، تێوەگلانی ناوبراویان لە هاوئاهەنگیی پێشوەختە بۆ هێنانی ئەم هێزە سەلماندووە. ئەمە جگە لە تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی، تاوانی خۆناساندن بە پۆستێکی دیکە، ساختەکاری لە چەندین بەڵگەنامە و بڕوانامەی فەرمیدا و، بەشداریکردن لە ساختەکردنی گرێبەستەکان، کە بووەتە هۆی زەوتکردنی زەویی کشتوکاڵی لە خاوەنە شەرعییەکانیان.
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوەکەیدا باسی دەرکەوتنی کەموکوڕی لە دۆسیەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا لەناو حەشدی شەعبی دەکات بە بوونی چەند پێکهاتەیەک کە پابەندی رێنمایی و جووڵە سەربازییەکان نابن.
بەم پێیە و لەسەر بنەمای ئەم دەرەنجامانە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رەزامەندیی نیشاندا لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
- لەسەرکارلادانی فەرماندەی هەردوو لیواکانی (45 و 46)ی حەشدی شەعبی لە پۆستەکانیان.
- پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە حەشدی شەعبیدا، بەهۆی کەمتەرخەمیی لە ئەرکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا.
- رەوانەکردنی هەموو ئەوانەی لە رووداوەکەدا تێوەگلاون بۆ دادگە، لەگەڵ سەرجەم پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و هەموو بەڵگە تاوانکارییەکان.
- لێپرسینەوە لە کەمتەرخەم و خەمساردەکان لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و ئەمنیی خێرا، بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییانەی پێیان سپێردراوە.
- جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی پابەند نەبوون بە رێکار و رێنماییە سەربازییەکان لە جووڵەدا لەلایەن هەندێک لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە و، بەهیچ شێوەیەک سزایان سووک نەکرێت و لێپرسینەوە دوا نەخرێت.
- پێداچوونەوە بە شێوازی بڵاوبوونەوەی یەکەکان و جۆر و لێهاتوویی پیشەیی و لێهاتوویی فەرماندەکانیان، لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە لە وەزارەت و فەرماندەییە باڵا پەیوەندیدارەکان پێکدەهێنرێت.
- رێزلێنان لەو کارمەندە ئەمنییە دیارانەی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکە بوونەتەوە و بە لێهاتوویی و ئازایەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.
- دڵنیاییدان لە مافی شەهیدان و بریندارانی قوربانیی رووداوی دەستدرێژییەکە، لەنێویاندا هاووڵاتیی مەدەنی (عەباس عوبێد ناهی) و بە شەهید ئەژمارکردنی، بە شێوەیەک کە هەموو مافە مەدەنییەکانی پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ