رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆبوونەوە. سوودانی بە وەزیرەکەی سعودیەی راگەیاند، عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 09-10-2023 پێشوازیی لە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبیی سعودیە و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و سعودیە کرا، لەگەڵ بابەتە هاوبەشەکان و دوایین پێشکەوتنەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتەکانی دۆخی فەلەستین و کاردانەوەی رووداوەکان و کاریگەرییان لەسەر گەلی فەلەستین تاوتوێکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە ئاسایش و سەلامەتی خاکی وڵاتانی دراوسێ و پابەندبوونی بە بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەم رووەوە، هەروەها رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبی سعودیە بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازی لێکرا.
عێراق و سعودیە نزیکەی 830 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. ئەنجوومەنی ھاریکاریی سعودی - عێراقی لە ساڵی 2017 بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی سعوديه و عێراق لە بوارە جیاجیاکان دامەزراوه.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سعوديه و عێراق لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار، بەڵام سعوديه دەیەوێت بۆ ئەم ساڵ بیگەیێنێتە 5 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ