دوو ساڵ ژیان لەژێر سێبەری شمشێری داعشدا

10-03-2017
فەرمان عەبدولڕەحمان
نیشانەکردن موسڵ داعش
A+ A-

رووداو- مووسڵ

لاشەیەكی داعش بە ستوونێكی كارەباوە هەڵواسراوە، تێپەڕینی كات، تەنیا ئێسكەپەیكەری لاشەكەی هێشتبووەوە، دیمەنەكە زۆر ترسناك بوو، بەڵام ئاماژەیەكی روون بوو بۆئەوەی كە ئیدی حوكمی داعش لە بەری چەپی مووسڵ نەماوە.

ئەو شەقامەی بەری چەپی شارەكە دەكاتە دوو بەش، پڕە لە ئۆتۆمبێلی سووتاو. چەند چاڵێكی گەورەی سەر شەقامەكە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكانیان هێواش كردووەتەوە. ئەم دیمەنانە ئاسەواری بەجێماوی دووساڵ دەسەڵاتدارێتی خەلافەتەكەی داعشن لەو بەشەی شارەكەدا. 

لە رواڵەتدا ژیان ئاسایی دەبینرێ. خەڵكی سەرقاڵی بەڕێكردنی كاروباری رۆژانەی خۆیانن، بەڵام لەڕاستیدا خەڵكی شارەكە هێشتا ئازاری ئەو بەڵایانە دەچێژن كە داعش بەسەر مووسڵیدا هێنان، هێشتاش خەڵكی مووسڵ بە نیگەرانییەوە لە بارودۆخی شارەكەیان دەڕوانن.

ئەبو یەحیا، پیاوێكی ریش سپی بوو، لەبەردەم چایخانەیەكدا وەستابوو، تیشكی لاوازی هەتاوی زستان رەونەقی زیاتری دابوو بەو جەمەدانیە سوورەی دەموچاوی خۆی پێ داپۆشیبوو، ئەبو یەحیا گوتی "ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا، مووسڵیان بە تەواوی وێران كرد و سەت ساڵی دیكە دەبێ باجی كارەكانی ئەوان بدەینەوە".
 
شوێنی تاوانەكانی داعش

لەنێو یەكێك لە چایخانەكانی شارەكەدا لەگەڵ ژمارەیەك خەڵك دانیشتووین، ڤیدیۆكانی سەردەمی داعشیان نیشان دەدەین بۆ ئەوەی رێنماییمان بكەن بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆماركردنی ڤیدیۆكان و ئەو تاوانانەی لە شارەكەدا داعش كردوونی. شوێنی هەندێ لە تاوانەكان دەدۆزینەوە كە لە ڤیدیۆكاندا تۆمار كراون، بەڵام بۆ من دۆزینەوەی شوێنی گرتەیەكی ڤیدیۆیی زۆر گرنگ و جێی بایەخ بوو.

لە 31ی ئاداری 2016دا، داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، لەنێو ڤیدیۆكەدا داعشێكی كورد و سێ پێشمەرگەی دیل دەردەكەون، دواتر داعشە كوردەكە كە ریشێكی درێژی هەیە و ناوی ئەبو عائیشەی كوردییە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەشێوازێكی دڕندانە یەكێك لە پێشمەرگەكان سەردەبڕێ. 

ئەو زانیاریانەی لەسەر گرتە ڤیدیۆكانی داعش لە خەڵكی نێو چایخانەكەمان وەرگرت، بەرەو گەڕەكی نووریان بردین كە یەكێكە لە گەڕەكەكانی بەری چەپی مووسڵ. داعش، لەسەر شەقامی سەرەكیی گەڕەكی نوور، لە شوێنێكی قەرەباڵغ تاوانەكەی ئەنجامدابوو. ئەوانەی ئەو دەمە شایەتحاڵی تاوانەكە بوون، كاتێ قسەیان بۆ كردین، هەمان ترسی ئەو كاتە لە سیمایاندا دەبینرا.

 ئەبو سەلمان، پیاوێكی بە تەمەنی دانیشتووی گەڕەكی نوورە، لەكاتی سەربڕینی پێشمەرگەكەدا لەوێ بووە. ئەبو سەلمان گوتی "دەمی بەیانی بوو، راجیمەیەك لەسەر شەقامەكە كەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانی نەبوو، هەر هەمان رۆژ چەكدارەكانی داعش هاتن و سێ پێشمەرگەی دیلیان هێنا، یەكێك لە داعشەكان كە جلی كوردیی لەبەردا بوو، وتارێكی دا و دواتر یەكێك لە پێشمەرگەكانی سەربڕی، پاشان چاوی هاوڕێكانیان كردەوە بۆ ئەوەی تەرمی هاوڕێكەیان ببینن، دواتر رۆیشتن و تەرمی پێشمەرگەكە ماوەی پێنج كاژێر لەسەر شەقامەكە مایەوە".

كەم شەقامی سەرەكیی بەری چەپی مووسڵ هەیە، داعش تاوانێكی تێدا ئەنجام نەدابێ‌. لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دیكەدا، داعشەكان كەسێك لە باڵەخانەیەكی بەرزەوە بەردەدەنەوە. دواتر بە بەرد رەجمی دەكەن، داعش ئەم تاوانەی لە گەڕەكی جەزائیر ئەنجامداوە.

دەچینەوە هەمان گەڕەك و لەبەردەم هەمان باڵەخانەدا لە بارەی تاوانەكەوە لە خەڵكی ناوچەكە پرسیار دەكەین. عومەر ئەكرەم، یەكێك لەو كەسانەی شایەتحاڵی تاوانەكە بووە گوتی "ئەوەی بەریاندایەوە كوڕێكی گەنج بوو، دانیشتووی گەڕەكی قاهیرە بوو، ناوی مەروان بوو، كە بەریاندایەوە لە بیناكەوە هێشتا گیانی دەرنەچووبوو، بۆیە چەكدارانی داعش بەردبارانیان كرد و لە كۆتاییدا بە دەمانچە تەقەیان لێكرد". 
 
هونەر دوژمنە سەرسەختەكەی داعش

لەسەر زۆربەی شەقامەكانی موسڵ وێنەی نێو تابلۆی دوكانەكان بە بۆیاخی رەش، رەشكراونەتەوە، هەڵبەت ئەمە كاری چەكدارەكانی داعش بووە، بەڵام رەنگە شتێكی سەیر بێ، لە كاتێكدا داعش ئەم جۆرە وێنانەی پێ حەرام بووە، وێنەی شێوە جیاوازەكانی كوشتنی بەلاوە كارێكی ئاسایی بووە و بە چەندین شێوەش بڵاوی دەكردنەوە.

داعش نەك تەنیا وێنەی فۆتۆگرافی، كێشەی گەورەی لەگەڵ وێنەكێشانیشدا هەبوو.. عەبدولڕەحمان رەسام، وێنەكێشان یەكێكە لە خولیا گرنگەكانی ژیانی، دوای رەوینەوەی هەوری داعش لەسەر ئەم بەشەی شارەكەی، ئێستا بە فڵچەكەی دەستی، شەقامەكانی مووسڵ بە تابلۆكانی دەڕازێنێتەوە، بەڵام خولیاكەی عەبدولڕەحمان لە سەردەمی داعشدا، سزای توندی بەدواوە بوو، جگە لەوەی دووجار لەسەر وێنەكێشان داركاری كراوە، برایەكیشی لەسەر دەستی داعش، گوللەباران كراوە.

عەبدولڕەحمان گوتی "بە نهێنی لە ماڵەوە وێنەم دەكێشا، رۆژێكیان بە بەڕێوەبەری چالاكییە هونەرییەكانی پەروەردەم گوت كە بەردەوامم لە وێنەكێشان، نەمزانی ئەو بووە بە داعش، حسبەی لێ ئاگادار كردمەوە و جەڵدیان لێدام". 

لەگەڕەكی فەیسەڵیە، تاكە هۆڵی شانۆ و هۆڵی كۆبوونەوە رۆشنبیرییەكانی شار، بە تەواوی خاپوور بووە، ئەو كورسیانەی رۆژێك لە رۆژان بینەران لەسەری دادەنیشتن، بەنێو داروپەردووی هۆڵە رووخاوەكەدا تێكەڵ بووبوون. هۆڵی سەرەكیی شانۆكەش كە زۆر شانۆگەریی تێدا نمایش كراوە، بەهۆی داعشەوە ئێستا خۆی بووەتە نمایشێكی تراژیدی.

 داعش ئەم هۆڵە شانۆییەی كردبووە سەربازگە و كارگەیەك بۆ دروستكردنی ئامێرەكانی وێرانكردن، هەر بۆیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە خاپوور كرا.
 
شارێك بەبێ وەرزش

 لەسایەی حوكمی داعشدا گۆڕەپانە وەرزشییەكان خاڵی نەبوون لە چالاكی، بەڵام لە بری وەرزش، شتێكی دیكەی تێدا دەكرا، ئەویش رەجمكردنی مرۆڤ بووە.

لە گەڕەكی جەزائیر گۆڕەپانێكی وەرزشی هەیە كە لەسەردەمی داعشدا هیچ چالاكییەكی وەرزشیی تێدا نەكرا، دانیشتووانی نزیكی گۆڕەپانەكە شایەتحاڵی چەندین تاوانی رەجمكردنن لەو شوێنەدا.
شاكر محەممەد، دانیشتووی گەڕەكی جەزائیر، بۆ خۆی شایەتحاڵی چەند تاوانێكی رەجمكردنە، دەچینەوە هەمان ئەو شوێنەی تاوانەكەی تێدا كراوە، هێشتا ئەو بەردانە لەوێ ماون كە داعش لە رەجمكردنی ئافرەتێكدا بەكاری هێناون. 

شاكر گوتی "رۆژێك ئافرەتێكیان هێنا دەموچاوی داپۆشرابوو، بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵكی گەڕەك كرد كۆببنەوە، دواتر گوتارێكیان دا، بە بەرد رەجمی ئافرەتەكەیان كرد، دوای ئەوەی گیانی دەرچوو بە ئۆتۆمۆبیل گواستیانەوە و رۆیشتن".

داعش تەنیا گۆڕەپانە وەرزشیەكانی خاڵی نەكردبوو لە وەرزش، بەڵكو خودی وەرزشكارەكانیشی لە وەرزش دابڕاندبوو. عەلی مەحمود، راهێنەری وەرزشی جۆدۆ بوو لە شاری مووسڵ، هەتا ئەو رۆژەی داعش لە شارەكەی دەرنەكرا نەیتوانی راهێنان بكات، نە بە یاریزانەكانی نە خودی خۆیشی، بۆیە ئێستا كێشی زیاد بووە. 

عەلی گوتی "وەرزش بە كاری شەیتان دادەنرا و قەدەغە بوو، تەنیا هونەرەكانی بەرگری نەبێ، ئەوەش دەبووایە سەر بە داعش بیت. ئینجا رێگەت پێدەدرا". گوتیشی "من لەبەرئەوەی پەیوەندیم بە داعشەوە نەكرد، هۆڵە وەرزشییەكەیان پێداخستم و نەشیانهێشت راهێنان بكەم".
 
دیمەنە جیاوازەكانی دوای داعش

هێشتا پاشماوەی رێنماییەكانی داعش بۆ سەپاندنی مۆدێلی مامەڵە و هەڵسوكەوت و ئەو جلوبەرگانەی دەبوو ئافرەتان بیپۆشن، بە دیواری هەندێ لە باڵەخانەكانی مووسڵەوە ماون. ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ داعش ویستی ئافرەتانی ئەم شارە بخاتە زیندانی نێو ماڵەكانیانەوە.

بەڵام بینینی ژمارەیەك كیژی گەنج كە لەگەڵ كوڕاندا سەرقاڵی هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی شارەكەیانن، هێمای دەستپێكی ژیانێكی نوێیە لەنێو شاری مووسڵدا كە پێشتر نەك ئەم چالاكییە، بەڵكو تەنیا پۆشینی رەنگێكی دیكە جگە لە رەنگی رەش، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەنجامدەرەكەی سزای قورس وەربگرێ لەلایەن داعشەوە.

نرمان مستەفا، كیژۆڵەیەكی 18 ساڵە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا بەشدارە لەو هەڵمەتە خۆبەخشییەدا، لەو بارەیەوە گوتی "پێشتر ژیانمان تەنیا خواردن و خواردنەوە و خەوتن بوو، نەماندەوێرا لە ماڵ بێینە دەرەوە، خوێندن نەبوو، هاموشۆی خزمان نەبوو، چوونە دەرەوە نەبوو، بەڵام داعش نەیتوانی كولتووری ئێمە بگۆڕێ، ئەوەتا دوای ئەو هەموو گوشار و ستەمە ئێمە دێینە دەرەوە و بەشدارین لە خاوێنكردنەوەی شارەكەمان".

وێرانكاری و چیرۆكە تراژیدییەكان لە موسڵ بێ سنوورن و كۆتاییان نایەت، ئەگەرچی دەسەڵاتە توندئاژۆكەی داعش لەم بەشەی موسڵدا كۆتایی هات، هەرچۆن بێت خەڵكی موسڵ لەنێو داروپەردووی خەلافەتەكەی داعشەوە دەستیان بە ژیان كردووەتەوە، بەڵام لێكەوتەكانی دەسەڵاتی ئەم هێزە توندئاژۆیە لە نێو شارەكەدا و ئەو ئاگرەی داعش هەڵیگیرساند لە پێناچێ وا بە ئاسانی كۆتایی بێ و خامۆش ببێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە