فەرهاد ئەترووشی: کارنامەی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رەتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەزامەند نییە لەسەر دیاریکردنی 11ی نیسان بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، "بەهۆی نەبوونی سازانی نیشتمانی و سیاسی لەسەر ئەو پرسە".
ئەم هەڵوێستەی فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە راگەیێنراوێکدا بوو دوای ئەوەی سەرۆکایەتى پەرلەمان رۆژی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارى دیاریکرد.
فەرهاد ئەتروشی دەڵێت: "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان و پەرۆشیمان بۆ سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی، رایدەگەیێنین کە رەزامەند نین لەسەر خشتەی دانیشتنی 11ی نیسان کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار" ئەو هەڵوێستەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە سازانی نیشتمانی و سیاسی لەنێوان پێکهاتەکاندا نییە لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە.
پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەکەی بڵاوکردەوە کە شەممە 11ی نیسانی 2026 دەکرێت و لە یەک بڕگە پێکدێت، کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان داوای لە هاوبەشەکانیان و سەرکردەکانی پڕۆسەی سیاسی کردووە دەرفەت بڕەخسێنن بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی جدی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆمار، کە جێگەی رەزامەندییەکی فراوانی نیشتمانی بێت، دوور لە سیاسەتی باری سەپێندراو.
بەگوێرەی کارنامەکە، دانیشتنەکە کاژێر 11:00ی بەیانی دەکرێت، 19 بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
فەرهاد ئەتروشی رایگەیاند "رێککەوتن لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانیش نییە، کە گرنگترین پۆستە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پڕۆسەی سیاسی، مافی خۆمانە بزانین کێ بەربژێر دەکرێت و بۆچوونمان لە بەربژێرکردنیدا هەبێت".
لە 24ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری کرد، بەڵام سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی بەربژێربوونی وەستایەوە؛ پێشبینی دەکرێت کە بەشێک لە لایەنەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە گوشار بکەن بۆ گۆڕینی بەربژێرەکەیان.
بەگوێرەی دەستوور، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقە کە 220 پەرلەمانتارە.