رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکەی پارێزگای زیقار دەدات و دەڵێ، "کەسانێکی تێکدەر" هێرشیان کردووەتە سەر کاروانەکەی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، محەممەد رەعد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، : "هادی عامری بە مەبەستی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی حەشدی شەعبی سەردانی زیقاری کرد کە لە هێرشەکانی ئەمریکادا گیانیان لەدەستدابوو"، هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی هۆزی "خەیگان"ی کرد.
محەممەد رەعد رایگەیاند: "لە کاتی گەڕانەوەی هادی عامری لە کۆبوونەوەکە، هەندێک گەنجی تێکدەر هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر کاروانەکەی. ئەم هێرشە نەبووەهۆی برینداربوونی هیچ کەسێک و زیانیش بەر ئۆتۆمبێلەکانی پاسەوانەکان نەکەوت، تەنیا زیان بەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی من کەوت."
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی عامری باس لەوە دەکات ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەیە "کەسانێکی تێکدەری نیگەران کردووە"، بۆیە هەوڵی تێکدانیان داوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هادی عامری سوپاسی هۆزی خەیگانی کردووە بۆ ئەو پێشوازییە و داوای لێکردوون "کاریگەریی ئەم جۆرە رەفتارە منداڵانەیان لەسەر نەبێت و بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، دوای ئەوەی هادی عامری دەچێتە سەر سەکۆ بۆ پێشکێشکردنی گوتار بۆ ئامادەبووان، پشێوی دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ