هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا زیاد بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕی ئەو گازەی عێراق لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات، گەیشتە 20 ملیۆن مەتر سێجا و بڕیارە لە ئەمڕۆوە بدرێتە وێستگەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
هەینی 10ی نیسانی 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بڕی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە زیاد بوو بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا و ئەوە یەکەمجارە لە دوای جەنگەوە بگاتە ئەو ئاستە."
 
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق کەمکرایەوە، کە هەندێکجار دەگەیشتە پێنج ملیۆن مەتر سێجا.
 
ئەحمەد مووسا رایگەیاند: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 15 هەزار مێگاواتە و لە دوای گەیشتنی گازە زیادکراوەکە بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕى کارەبا بەرز دەبێتەوە.
 
زۆرینەی کارەبای بەرهەمهێندراوی عێراق پشت بەو وێستگانە دەبەستێت، کە بە گاز کاردەکەن؛ بەهۆی جەنگەوە بڕی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی بۆ نیوەی بڕی پێشووی دابەزیبوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بۆ وەرزی گەرما، عێراق پێویستی بە 55 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەیە و ئەو گازەی ئێستا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، هێشتا کورتهێنانی هەیە.