رووداو دیجیتاڵ
دوای ناڕەزایی هاووڵاتییان، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری راگرتنی پشکنینی ساڵانەی تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێلی دا و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لیژنەیەکی باڵای بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکە راسپارد.
بەپێی نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رۆژی 9ـی نیسانی 2026 دەرچووە، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، کارکردن بە راگەیێندراوی ژمارە (8)ی ساڵی 2026ـی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی راگیرا، کە تایبەت بوو بە پشکنینی مەرجەکانی تووندوتۆڵی و سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکان (هەزە).
هەر بەپێی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس و ئەندامییەتی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری هەواڵگری و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی پێکهێنرا.
ئەرکی لیژنەکە لێکۆڵینەوەیە لە رەهەندە یاسایی و رێکارییەکانی بڕیارەکە و رادەی کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان. ئامانجێکیش لێی ئەوەیە رێنماییەکان بە جۆرێک دابڕێژرێنەوە کە لەگەڵ یاسا بەرکارەکان بگونجێن و "کەمترین ماندووبوون و باری دارایی بۆ سەر هاووڵاتییان" دروست بکەن.
هاوکات عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، رێنمایی دا بە لیژنەکە کە لە حەوت رۆژدا راسپاردەکانیان پێشکێش بکەن. وەزارەتی ناوخۆ دەنگۆی زیادکردنی تێچووی پشکنینەکەی بۆ 100 هەزار دینار رەتکردەوە و رایگەیاند: "بڕی پارەی پشکنینی تووندوتۆڵی و مەرجەکانی سەلامەتی تەنیا (25,000) هەزار دینارە، نەک 100 هەزار دینار وەک ئەوەی لە هەندێک پلاتفۆرم بڵاوکراوەتەوە."
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق بڕیاریدابوو پشکنینی ساڵانەی تووندوتۆڵی بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ببێتە ناچاری، هەر کەسێکیش پابەند نەبووایە بە 100 هەزار دینار سزا دەدرا. ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری لای شۆفێران دروستکرد، بەتایبەت لەبارەی خراپیی کواڵیتی رێگەوبانەکان کە وایکرد سەرۆکوەزیرانی عێراق بێتە دەنگ و بڕیارەکە رابگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ