شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێزێک دانەبەزیوە


رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رەتیدەکاتەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێزێک دابەزیبێتە نێو خاکی وڵاتەکە دەڵێت، ئەو رووداوەی لە میدیای ئەمریکیدا باس دەکرێ لە مانگی ئاداردا روویداوە و رێوشوێنی پێویستیش لەبارەیەوە گیرایەبەر.
 
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەزینی نوێی ئاسمانی لە بیابانی کەربەلا رووینەداوە. ئەو رووداوەی لە میدیای ئەمریکی باس دەکرێ بۆ 5ی مانگی ئادار دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە رێوشوێنی پێویست لەبارەی ئەو دابەزینە ئاسمانییە  رێگەپێنەدراوە گیرایەبەر کە لە بیابانی نوخێب روویدا".
 
سەعد مەعن رایگەیاند، ئەو کاتە هێزێکی ئەمنى و سەربازیی عێراقی لەو شوێنە بوون و لەگەڵ هێزێکی نادیار رووبەڕووی یەکدى بوونەوە کە بوونیان رێگەپێدراو نەبوو. لە ئەنجامدا کارمەندێکى هێزە ئەمنییەکان کوژرا و دووانى دیکە بریندار بوون.
 
ئەو رووداوە دوای 6 رۆژ لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە کە لە ماوەی ئەو جەنگەدا روویدا.
 
سەعد مەعن رایگەیاند: "لە رێگەی بەدواداچوونەکانمانەوە روون بووەتەوە کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا نە ئەو هێزەی پێشوو و نە هیچ هێزێکی دیکەی رێگەپێنەدراو دانەبەزیوە و شتی هاوشێوەش رووینەداوە. هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان لەو شوێنە".
 
رۆژی 9ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەکەدا بۆ ئەوەی شوێنی بنکەکە ئاشکرا نەبێت، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان کە خەریک بووە بنکەکە بدۆزنەوە.
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە هەندێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی لەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە "دابەزینی ئاسمان"ی لە بیابانی کەربەلا  لە رۆژهەڵاتی نوخێب و پارێزگای نەجەف روویداوە.
 
نوخێب ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان پارێزگای ئەنبار و نەجەفە، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.