راپۆرتێک: ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنیی بۆ جەنگی ئێران لەناو خاکی عێراق دروستکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک دەڵێ، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناو بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ئێران. لە سەرەتای جەنگەکەشدا بۆ ئەوەی شوێنی بنکەکە ئاشکرا نەبێت، هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان کە خەریک بووە بیدۆزنەوە.
 
بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکان قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە و گوتوویانە، ئیسرائیل ئەم بنکەیەی بە ئاگاداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەمێک پێش دەستپێکردنی جەنگ دروستکردووە. 
 
بنکەکە وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەکارهاتووە و هێزە تایبەتەکانی تێدا جێگیر کراوە، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل دەستڕاگەیشتنی نزیکتری بۆ گۆڕەپانی جەنگ هەبێت.
 
ئەرکی بنکەکە و هاوکاریی ئەمریکا
 
بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، لە ناو ئەو بنکەیەدا تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن ئامادە کراون بۆ ئەوەی ئەگەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پێکران، بە هانای فڕۆکەوانەکانەوە بچن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی نەخراوەتە خوارەوە. 
 
لە رووداوێکی دیکەدا، کاتێک فڕۆکەیەکی جۆری F-15ـی ئەمریکی لە نزیک شاری ئەسفەهانی ئێران پێکرا، ئیسرائیل پێشنیازی کرد هاوکاریی تیمە ئەمریکییەکان بکات بۆ رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانەکە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا خۆیان پرۆسەی رزگارکردنەکەیان جێبەجێ کرد و ئیسرائیل تەنیا لەڕێگەی بۆردوومانی ئاسمانییەوە پارێزگاری لە ئۆپەراسیۆنەکە کرد.
 
پێکدادان لەگەڵ سوپای عێراق و کێشە لە نەتەوە یەکگرتووەکان
 
جۆرناڵ دەڵێ، نهێنیی ئەم بنکە سەربازییە لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵدا خەریک بوو ئاشکرا ببێت. میدیای فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، شوانێکی ناوچەکە هەستی بە جووڵەی نائاسایی هێلیکۆپتەر و چالاکیی سەربازی کردووە، دواتریش سوپای عێراق یەکەیەکی ناردووە بۆ لێکۆڵینەوە. ئیسرائیل بۆ ئەوەی رێگری لە هێزە عێراقییەکان بکات و نەگەنە شوێنەکە، پەنای بۆ بۆردوومانی ئاسمانی بردووە.
 
فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەو کاتەدا رایگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بێباکانەیە بەبێ هیچ هاوئاهەنگی یان رەزامەندییەک کراوە." محەممەداوی رایگەیاند، لەو هێرشەدا سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 
دواتر لە کۆتایی مانگی ئاداردا، عێراق سکاڵایەکی فەرمیی لە دژی ئەو هێرشە گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەمریکا؛ بەڵام سەرچاوەکان وەک جۆرناڵ باسی کردووە دەڵێن، ئەمریکا هیچ تێوەگلانێکی لەو هێرشەدا نەبووە و تەنیا هێزەکانی ئیسرائیل کردوویانە.
 
دۆزینەوەی بەڵگە لە لایەن دژە تیرۆری عێراقەوە
 
دوای پێکدادانەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دوو یەکەی دیکەیان لە هێزەکانی دژە تیرۆر (کە پێشتر رۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی داعشدا هەبوو) رەوانەی ناوچەکە کردووە. ئەو هێزانە بەڵگەی تەواویان دۆزیوەتەوە کە هێزێکی بیانی لەو ناوچەیەدا بوون. 
 
محەممەداوی بە میدیای فەرمیی عێراقی گوتووە: "وا دیارە هێزێکی دیاریکراو لەسەر زەوی هەبووە و پشتگیریی ئاسمانیی هەبووە، کە بە جۆرێک کاریان کردووە لە سەرووی تواناکانی یەکەکانی ئێمەوە بووە."
 
تاوەکو ئێستا نە سوپای ئیسرائیل و نە گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئامادە نین هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر بوونی ئەم بنکە نهێنییە بدەن یان ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە ئایا بەغدا پێشوەختە هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە هەبووە یان نا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان. وێنە: AFP

حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل؛ پێنج کەس لە لوبنان کوژران

حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە وەڵامی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای، بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج؛ هاوکات هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان بوونەهۆی کوژرانی پێنج کەس کە یەکێکیان کارمەندی تیمی فریاگوزاری بوو.