ئاماری بەربژێرانى هەڵبژاردنی عێراق؛ پیاوان دوو هێندەی ژنانن و دهۆک کەمترینی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 8 هەزار بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە، کە کەمترینیان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دهۆک-ن. ژمارەی بەربژێرانی پیاو دوو هێندەی ژمارەی بەربژێرانی ژنە.
 
بەگوێرەی ئامارێک کە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، کۆی گشتیی ژمارەی بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانێتییەکان و کۆتا و سەربەخۆکان کە ناویان پێشکێش کردووە، 8,014 بەربژێرن. لەو ژمارەیە، 7,926ـیان بەربژێری لیست و هاوپەیمانێتییەکانن و 88ـیان بەربژێری سەربەخۆ و کۆتاکانن. هەروەها 5,701 بەربژێر پیاون و 2,225ـیان ژنن.
 
موهەننەد سەڕاج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر هەیە ئەو ژمارەیە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، دوای وردبینیکردنی لەلایەن کۆمیسیۆن و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، چونکە بەربژێر هەیە رەنگە دووربخرێتەوە بەبێ ئەوەى لیستەکەی کەسێکی دیکە بخاتە جێگەى."
 
بەگوێرەی ئامارەکە، زۆرترین بەربژێر لە بەغدایە کە 2,353 بەربژێرن، نەینەوا بە 1,072 بەربژێر لە ریزبەندیی دووەمدایە و زیقار بە 580 بەربژێر لە ریزبەندیی سێیەمدایە.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، زۆرترین بەربژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانییە کە 144 بەربژێرن، لە هەولێر 109 بەربژێر هەن، بەڵام لە دهۆک 61 بەربژێر ناویان پێشکێش کردووە، کە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کەمترینە.
 
وەک بەربژێری سەربەخۆ و کۆتا لە دەرەوەی پارت و هاوپەیمانێتییەکان، لە هەولێر و دهۆک هەریەکەی 7 بەربژێریان هەیە و لە سلێمانیش 5 کەس خۆیان وەک سەربەخۆ بەربژێر کردووە.
 
موهەننەد سەڕاج گوتى، "ئێستا لە کۆمیسیۆن وردبینی بۆ دۆسیەی ناوەکان دەکرێت، دواتر دەنێردرێن بۆ 13 دامەزراوەی جیاوازی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، کە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا ئەو کارە تەواو بکەن و ئەنجامەکان بگەڕێننەوە بۆ کۆمیسیۆن بۆ ئەوەی ناوەکان پەسند بکرێن."
 
زۆرترین هاوپەیمانێتی لە بەغدا رکابەری دەکەن کە 12 هاوپەیمانێتین؛ سەلاحەدین بە 10 هاوپەیمانێتی لە ریزبەندی دووەمدایە. 
هەروەها زۆرترین پارت لە بەغدا رکابەری دەکەن، کە 15 حیزبن، نەینەوا بە 13 پارت و دیالە بە 11 پارت لە ریزبەندەکانی دواتردا دێن.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هیچ هاوپەیمانێتییەک نییە کە رکابەری هەڵبژاردن بکات، بەڵام زۆرترین پارت لە سنووری پارێزگای سلێمانییە کە 11 پارتن، لە هەولێر 9 پارت و لە دهۆکیش 8 پارت رکابەری دەکەن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمان لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت، هەر پارێزگایەک لە عێراق وهەرێمى کوردستان بازنەیەکى هەڵبژاردنە.