رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کەشتیی تورکیا تایبەت بە بەرهەمهێنانى کارەبا بۆ عێراق، لە بەندەرى ئوم قەسر کەوتە کار. بڕیارە کەشتیی دووەمیش هەفتەى داهاتوو بکەوێتە کار و بە هەردووکیان 590 مێگاوات کارەبا دەدەن.
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولى 2025، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، یەکەم کەشتیى تورکیا بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە بەندەرى ئوم قەسر دەستى بە کار کرد کە بڕی 300 مێگاوات کارەبا دەخاتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی. لە دوێنێوە ئەو کەشتییە کارەبا بە عێراق دەدات.
رۆژانى 21 و 23ـى ئابى 2025، دوو کەشتیى تورکیا کە کارەبا بەرهەمدەهێنن، گەیشتنە بەندەرى ئوم قەسر لە پارێزگاى بەسرە بۆ ئەوەى کارەبا بدەنە عێراق.
بەگوتەى ئەحمەد موسا، هەفتەى داهاتوو بەرهەمهێنانى کارەبا لە کەشتیی دووەمیش دەستپێدەکات و ئەویش دەخرێتەسەر تۆڕى نیشتمانی کە تواناى بەرهەمهێنانەکەى 290 مێگاواتە.
بەرهەمهێنانى کارەبا لەو دوو کەشتییەى تورکیا و گواستنەوەى بۆ تۆڕى کارەباى عێراق بەگوێرەى رێککەوتنێکە کە بۆ 71 رۆژ ئەو وزەیە دابین دەکرێ.
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، گازوایلی بەرهەمهێنانى ئەو کارەبایە لەو دوو کەشتییە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە دابین دەکرێ.
بەرهەمهێنانى ئەو کارەبایە بۆ کەمکردنەوەى کورتهێنانى دابینکردنى ئەو وزەیەیە کە ئێستا 24 بۆ 25 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق بەرهەم دەهێنرێ، لەکاتێکدا پێویستیى بەکارهێنانى کارەبا دەگاتە نزیکەى 50 هەزار مێگاوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ