ژمارەی بەربژێرە دوورخراوەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گەیشتە 788 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە دوورخراونەتەوە گەیشتە 788 کەس. 53 بەربژێری دوورخراوە لەدوای تانەدان گەڕێنراونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارێک کە رووداو لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەستی کەوتووە، تاوەکو 9ی ئەیلوولی 2025، ژمارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە یان گۆڕدراون بە بەربژێری دیکە، گەیشتوونەتە 788 کەس. زۆرینەیان بەهۆی پێشینەی بەعسیبوون دوورخراونەتەوە کە 370 کەس بوون.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی بەربژێران بەر لە رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکانیان 7926 کەس بوون."
170 بەربژێر گۆڕدراون بە بەربژێری جێگرەوە. 162 بەربژێری دیکەش بەهۆی کۆتوبەندی تاوانەوە دوورخراونەتەوە. چوار بەربژێر بەهۆی ساختەکردنی بەڵگەنامەکانیان دوورخراونەتەوە. 15ی دیکەیان بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دوورخراونەتەوە.
دۆسیەی بەربژێران لە کۆمیسیۆن وردبینى دەکرێت بۆ زانینی ئەوەی مەرجەکانی بەربژێربوونیان تێدایە. دواتر ناوەکانیان دەنێرێت بۆ 13 وەزارەت و دەستە و دەزگای عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان. لەدوای دوورخستنەوەیان دەتوانن لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە لە بڕیاری دوورخستنەوەیان بدەن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، 53 بەربژێر لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە گەڕێنراونەتەوە لەدوای ئەوەی تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەیان داوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت؛ هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.