رووداو دیجیتاڵ
ئەندازیارێکی کارەبا لە پارێزگای دیالە لە عێراق ناوی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و ناسناوی ئەبوبەکر بەغدای، خەلیفەی پێشووی داعشی هەیە و خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێرکردووە. ئەو بەربژێرە دەڵێت" شیعە و سوننە دەنگم پێدەدەن."
بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەندازیار سەدام حوسێن عەبدولکەریم قوڕەیشی، یەکێکە لەو بەربژێرانەی وەکو خۆی دەڵێت، سەربەخۆیە و بڕیاریداوە بچێتە ئەو رکابەرایەتییەی کە 15 لیست و هاوپەیمانیی دیکە لەنێویاندا رکابەرایەتی لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی دەکەن. ژمارەیشیان 15 کورسی دەبێت.
ئەو ئەندازیارە سەدام حوسێنە، ناوەکەی هاوناوی سەرۆکی پێشووتری عێراق و حیزبی بەعسە، لەلایەکی دیکەوە هەڵگری ناسناوی قوڕەیشی-یە، هاوناسناوی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی کوژراوی داعش.
لەبارەی ناو و ناسناوەکەیەوە، سەدام حوسێن عەبدولکەریم قوڕەیشی، رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باوەڕناکەم ناوەکەم و ناسناوەکەم کێشەم بۆ دروستبکەن، رەنگە کەسانێک هەبن بەهۆیانەوە دەنگم پێنەدەن، بەڵام ئەوانە کەمن، من لە گوندەکەم جەماوەرێکی باشم هەیە، لە پارێزگای دیالە بەهۆی کارەکەمەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای دیالە، خەڵک بە سوننە و شیعەوە دەنگم پێدەدەن."

لەبارەی ئەو دوو کەسەشی بە خراپ ناویان رۆیشتووە، رۆڵیان لە کوشتنی هەزاران کەسدا هەبووە و ئەم ناو و ناسناوی هەڵگرتوون، دەڵێت" هەردووکیان تاوانی گەورەیان دژی مرۆڤایەتی و گەلی عێراق کردووە."
ئەندازیارە بەربژێرەکە لەدایکبووی ساڵی 1980یە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی شەش منداڵە، دانیشتووی گوندی خرناباتە کە یەکێکە لە گەورەترین گوندەکانی عێراق و سەر بە ناحیەی عەبارەی قەزای باقوبەی پارێزگای دیالەیە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 13 هەزار کەس دەبێت. دەڵێت، "ئەگەر ببمە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، نووسینگە لە گوندەکەم دەکەمەوە و گوندەکەم بەجێناهێڵم."
قورەیشی دەڵێت، "گوندەکەم یەکێکە لە گەورەترین گوندەکانی عێراق، هەوڵدەدەم بیکەمە قەزا، نەوەک ناحیە، چونکە ژمارەی دانیشتووانی زۆرە."
بەگوتەی خۆی، تەنیا پێنج ملیۆن دیناری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی تەرخانکردووە. دەشڵێت، "مەبەستی من ئەوەیە گەنجان دەنگم پێبدەن و ئومێدی زۆرترینم بەوان هەیە... خۆشەویستی خەڵک بۆ من سەرمایەی دڵنیایین بۆ بەدەستهێنانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا."
سەبارەت پلانەکانی ئەگەر بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا، ئاماژە بەوە دەکات، "یەکەم کار بیکەم کارکردنە بۆ گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی پێنج ساڵ زیاترە لە پۆستەکانیان ماونەتەوە. بە گیان و خوێنی نوێ و گەنج دەیانگۆڕین."
ئەندازیار سەدام حوسێن عەبدولکەریم قوڕەیشی، لە ساڵی 2017 برایەکی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە دەستی داعش گیانی لەدەستداوە. دەڵێت، جارێک نەبێت، هەرگیز لە دوای ساڵی 2003 کە رژێمی بەعسی تێیدا رووخا، بیری لە گۆڕینی ناوەکەی نەکردووەتەوە.
ئەو چیرۆکێکیشی هەیە کە هەست دەکات بەهۆی ناوەکەوە مافی خوراوە، دەڵێت "هەرگیز تووشی دڵتەنگی و هەراسانکردن نەبوومەتەوە، یەک جار نەبێت، ئەویش ساڵی 2004 بوو، چونکە پێشکێشی زانکۆم کرد و دواتر کە ناوی وەرگیراوان هاتەوە ناوی منی تێدا نەبوو، هەرچەندە نمرەکانم زۆر بەرزبوون و قوتابی هەبوو نمرەکانی لەوانەی من کەمتربوون، بەڵام وەرگیرابوون."
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.
هاوکات بۆ یەکەم جارە لەدوای ساڵى 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکرێت و نزیکەی شەش هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ