کەمتر لە 80 پەرلەمانتار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان لەبارەی هێرشەکانی سەر عێراق کرد


رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی راوێژکاری لەبارەی هێرشەکانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بەڕێوەبرد. دانیشتنەکە زیاتر لە 100 واژۆی بۆ کۆکرابووەوە، بەڵام کەمتر لە 80 پەرلەمانتار لە هۆڵەکە ئامادەبوون.
 
لە دەستپێکدا، موحیسن مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر خاکی عێراق سەرکۆنە و رەتدەکاتەوە لە هەر لایەنێکەوە بێت."
 
لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتاران خولەکێک بۆ گیانی کوژراوانی هێرشەکەی ئەمریکا لە شەوی 7ی شوبات راوەستان کە لەنێو جەرگەی بەغدا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە ئەنجامی دا. دواتر، هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئەمریکا خوێندەوە.
 
سعود ساعیدی، پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی حقووق و دەڵێت، "بە بەردەوامبوونی لەسەر رێبازە دووژمنکارە دووبارەبووەکەی و هەروەها بە بەردەوامبوونی لە پێشێلکردنی هەموو نۆرم و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە دەستدرێژییە قێزەونەکانی بۆ سەر خاکی عێراق، لە رێگەی هێرشکردنە سەر پێگە و سەرکردەکانی دامەزراوە حکومییە فەرمییەکان، بێ ئەوەی گوێ بە هیچ بدات یان سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان لەبەرچاوبگرێت."
 
لە دانیشتنەکەدا، لە کورد، تەنیا سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشدارییان کرد و لە سوننەش تەنیا یەک پەرلەمانتار.
 
سۆران عومەر بە رووداوی گوت: شیعەکان گوتوویانە لەبەر بەشدارینەکردنیان، لە هەمواری یاسای بودجە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا، هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد و سوننە دەبێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە ژمارەی پەرلەمانتارە شیعەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق 199 پەرلەمانتارە. 
 
پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هاوکاریکردنی لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت، بۆ خێراکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق. 
 
هەروەها پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆدەبنەوە بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان بۆ گفتوگۆ و هەروەها لیژنەکانی یاسایی و ئایاش و بەرگریی راپۆرتێک لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەیاسای گۆڕینی ئەرکی هێزە بیانییەکان دەدەنە پەرلەمان.