رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق خشتەیەکی بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی پۆلە کۆتاکان بڵاوکردەوە و کاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی شەشی ئامادەیی، سێی ناوەندی و شەشی سەرەتاییشی دیاریکرد.
رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پەروەردەی عێراق بەوەکالەت رایگەیاند، گۆڕانکاری لە کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ کراوە، بە جۆرێک تاقیکردنەوەکانی شەشی سەرەتایی 12ی ئایار دەستپێدەکەن؛ تاقیکردنەوەکانی سێی ناوەندی 20ی ئایار دەستپێدەکەن؛ تاقیکردنەوەکانی شەشی ئامادەیی 13ی حوزەیران دەستپێدەکەن.
وەزیری پەروەردەی عێراق بەوەکالەت ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر رۆژێکی تاقیکردنەوە بەر پشووی فەرمی بکەوێ، تاقیکردنەوەکە بۆ رۆژی دواتر دوادەخرێ"، گوتیشی، هەندێک لەو بابەتانەی قوتابی لە قۆناخی زانکۆدا پێویستی پێیان نابێت، لە پڕۆگرامی تاقیکردنەوەکاندا لادراون.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن، ئەحمەد ئەسەدی روونیکردەوە کە ئەم بڕیارە بەهۆی دۆخی ئێستاوە دراوە و تەنیا تایبەتە بەم ساڵ و گوتی: "ئەمە تەنیا هەڵپەساردنی بابەتەکانە بۆ ئەم ساڵ نەک سڕینەوەی هەمیشەیی لە نێو پڕۆگرامدا."
لەبارەی بڕیاری "بەشدابوونی گشتیی قوتابیان" بۆ تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردەی عێراق بەوەکالەت گوتی، رەزامەندی لەسەر نەدراوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەزموونی ساڵی رابردوو "هاندەر نەبووە" و رێژەی دەرچوونی قوتابیان تێیدا زۆر نزم بوو.
پێشتر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی 9ی ئایاری بۆ تاقیکردنەوەکانی شەشەمی سەرەتایی و رۆژی 16ی ئایاریش تاقیکردنەوەکانی سێیەمی ناوەندی دیاری کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ