رووداو - هەولێر
لە یەکەمین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی تیشكی خستە سەر كۆمەڵێك كێشە و قەیران كە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، گوتی، عێراق ئابووریی نییە.
کازمی بەشێكی سەرەكی گوتەکەی تایبەت كرد بە گەندەڵی و ئابووری لە عێراقدا و رایگەیاند، دەبێت پشتبەستن بە نەوت كۆتایی پێبهێندرێت.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو بودجه‌ی عێراق به رێژه‌ی 30 تاوەکو 40% پشتی به نه‌وت ده‌به‌ست. "بەڵام ئێستا پێویسته ده‌ستبگرین به كشتوكاڵ، بازرگانی و پیشه‌سازییەوە".
لەبارەی قەیرانی دارایی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، کازمی گوتی، بۆچی پشتبه‌ستن به نه‌وت گه‌یشته ئه‌م ئاسته؟ له 2003ـه‌وه عێراق بە رێژه‌ی نزیکەی 95% بۆ داهاتەکەی پشتی به نه‌وت به‌ستووه. كاتێكیش نرخی نه‌وت به‌مشێوه‌یه داده‌به‌زێت، ئابوورییه‌كه‌شی به‌مشێوه‌یه دادەڕمێت. "ئابووری ئێمه چییه؟ له راستیدا وشه‌ی ئابووریش درۆیه، ئێمه‌ی ئابووریمان نه‌بووه. ته‌نیا داراییمان هه‌یه و پشت به دارایی و نه‌وت ده‌به‌ستین. نه‌وت ده‌فرۆشین و پاره به‌ده‌ستده‌هێنین و به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شی ده‌كه‌ین. ته‌نانه‌ت سیستەمی بانكیشمان نییه".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە هەبوونی گەندەڵییەکی زۆر لە عێراق کرد و گوتی، "چیدیکە نابێت هیچ کەس دوو مووچە لە دەوڵەت وەربگرێت".
كازمی جەختی لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی كردەوە بۆ نەهێشتنی هەژاری و هاوكاریكردنی ئەو خێزانە عێراقیانەی بەدەست نەبوونیيەوە دەناڵێنن. گوتی، "راشكاوانه ده‌یڵێم، هه‌ژار و نه‌دارم بینی، بێوهژنهكانم بینی له سه‌ماوه؛ له‌و ناوچه عێراقییه هه‌ژاره‌دا. هه‌مووان به‌بیرتان دێت، له مانگی ره‌مه‌زاندا وێنه‌كان بڵاوكرانه‌وه. سه‌ره‌یه‌كی دوور و درێژی ژنان و منداڵان بۆ وه‌رگرتنی هاوكاری به‌هۆی ههژاربوونیانهوه هەبوو. راشكاوانه ده‌یڵێم، پێویستمان به‌وه‌یه رێكاری چاكسازی بگرینه‌به‌ر. نه‌ك ته‌نیا قسه بێت".
لە 9-4-2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپارد، لە 7-5-2020 یش پەرلەمانی عێراق متمانەی بە كابینە وەزارییەكەی بەخشی و رۆژی شەممەی رابردوو ئەو حەوت بەربژێرە متمانەی پەرلەمانتارانیان بەدەستهێنا کە بۆ پۆستە وەزارییە پڕنەکراوەکان لە کابینەی کازمی بەربژێرکرابوون.
مستەفا کازمی راشیگەیاند، موزایەدەی سیاسی رەتدەکەنەوە و "تەمەنی راستەقینەی حکومەت تەنیا یەک هەفتەیە".