راوێژکارێکی سوودانی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی بودجە دەکەن


ئامادەکردنی: نەهرۆ محەممەد و هەستیار قادر

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتیانکردەوە کە بڕیاریانداوە پشتیوانی بودجە بکەن. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-06-2023، لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. 
 
لەوبارەوە، هیشام رکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتیان کردەوە کە پشتیوانی لە پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی  2023 و 2024 و 2025ی عێراق بکەن و ئەوەشیان بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە. 
 
ئەبوو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى پەیوەندیداربوو بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى و دەنگدان بەو مادانەى کە دەنگیان لەسەرنەدراوە.
 
ئەبوو میساق مەسارى گوتیشى: "ناکۆکیى لەبارەى مادەکانى دیکەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى نەماوە کە هێشتا پەسند نەکراون"
 
ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسیى رێکخراوى بەدر گوتى: "لە کۆبوونەوەى سوودانى و هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى، گفتوگۆ لەسەر قۆناخى دواى پەسندکردنى پرۆژەیاساى بودجەى گشتى و چۆنێتى جێبەجێکردنى کراوە." 
 
پارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە کە 16 تریلیۆنی پشکى هەرێمى کوردستانە.