10 بووک و زاوا لە موسڵ ئاهەنگی هاوژینیی بەکۆمەڵیان بۆ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
خێزان و ماڵباتی 10 بووک و زاوا پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن؛ لە بۆنەیەکى خۆشى بەکۆمەڵى شارێک کە بەر لە حەوت ساڵ یەکێک بوو لە مەترسیدارترین ناوچەکانى عێراق.
وەفا ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ناوەندى ئامۆژگاریى کۆمەڵایەتى نەینەوا کە ئاهەنگەکە لەسەر دەستپێشخەریی ئەوان بووە دەڵێت، لەو دەستپێشخەرییەدا، جگە لە جلوبەرگى هاوژینی و پێداویستییەکانى هۆڵى ئاهەنگەکەیان، ژووری نووستنیش بۆ 10 بووک و زاوا دابین دەکەن.
بووک و زاواکان دڵخۆشن و پێش ئاهەنگەکەیان لە سەرتاشخانە و ئارایشتگەکان خۆیان دەڕازێننەوە. زۆربەى بووک و زاواکان خەڵکى ناوچەکانى دەوروبەرى موسڵن، لەوانەش گەیارە و حەمام عەلیل.
دەسەڵاتی سێ ساڵەی داعش لە موسڵ و دەوروبەری، دۆخى ئابوورى و بژێویی خەڵکی ئەستەم کردووە؛ یەکێک لە ئەنجامی دۆخەکەش ئەوەیە، بەشێکی گەنجەکان توانای پێکهێنانی ژیانی هاوژینییان نییە.
وەعد سالم، یەکێکە لە زاواکان، دەڵێت: "سوپاسگوزارى خوداین و دڵخۆشین بەم هاوژینییە بەکۆمەڵە. ئەمە دەستپێشخەرییەکى جوانە. سوپاسى پۆلیسی کۆمەڵایەتیش دەکەین کە رۆڵى گەورەیان هەبوو."
دواى رازاندنەوەى بووک و زاواکان لە حەوشەى سەنتەرەکەوە بە ئۆتۆمبێلى کلاسیکى بۆ هۆڵى ئاهەنگە بەکۆمەڵەکە بەڕێدەکرێن.
محەممەد عەبدوڵڵا، شۆفێرى یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەڵێت، "ئەم دەستپێشخەرییەمان کرد بۆ ئەو گەنجانەى کە دەیانەوێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، حەزمان کرد هاوکارییان بکەین؛ دەبێت لە پارێزگاکەش هاوکارى لەنێوانماندا هەبێت بۆ ئەم کارە."
کەژاوەى بووک و زاواکان بە ئۆتۆمبێل بەدوای یەکدیدا لە شەقامى زانکۆى موسڵ رێدەکەن تاوەکو دەگەنە کۆشکى سپى؛ ئەو هۆڵەى ئاهەنگەکەى تێدا دەکرێت.
مەیسەر مەحموود، باوکى یەکێک لە زاواکانە و دەڵێت، "نازانم چۆن ستایشیان بکەم. ئەوە یەکەم جارە لە مێژووى موسڵدا 10 بووک و زاوا هاوژینیی بە کۆمەڵ بکەن."