دەنگدان کۆتاییهات و ئەنجامەکان بزانن

کاژێر 07:00ـی بەیانی رۆژی سێشەممە بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد،زیاتر لە 20 ملیۆن و 90 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن

11-11-2025

18:38

دەنگی لایەنەکان لە بنکەیەکی کەلار؛ پووچەڵ دووەمە

رووداو
 
لە بنکەی بنگرد لە کەلار دەنگی لایەنەکان بەمجۆرەیە:
 
یەکێتی: 278
پارتی: 148
نەوەی نوێ: 127
هەڵوێست: 97
کۆمەڵ: 21
یەکگرتوو: 50
بەرەی گەل: 12
پووچەڵ: 163

18:38

لە بنکەیەکی سلێمانی دەنگی لایەنەکان بزانە

رووداو
دەنگی لایەنەکان لە وێستگەی 2 لە بنکەی مەولەوی لە سلێمانی بەم جۆرەیە
 
سۆسیالیست 1 دەنگ 
یەکێتی 88 دەنگ 
هەڵوێست 25 دەنگ 
بەرەی گەل 4 دەنگ 
پارتی 33 دەنگ 
یەکگرتوو 55 دەنگ

18:31

یەکەم ئەنجام لە ئیدارەی گەرمیانەوە

یەکەم ئەنجام لە ئیدارەی گەرمیانەوە
 
ئەنجامی سێ وێستگەی دەنگدان لە گەرمیان
 
پارتی: 148 دەنگ
یەکێتی: 278 دەنگ
هەڵوێست: 97 دەنگ
بەرەی گەل: 12 دەنگ
یەکگرتوو: 50 
کۆمەڵ: 21 دەنگ
پووچەڵ: 163 دەنگ

18:24

ئەنجامی وێستگەیەکی بنکەیەکی هەولێر

رووداو

 لە کۆی 265 دەنگ کە لە وێستگەیەکی بنکەی کەرنەڤاڵ لە هەولێر دراون:

پارتی: 188 دەنگ
هەڵوێست: 18 دەنگ
یەکگرتوو: 12 دەنگ
یەکێتی: 11 دەنگ
نەوەی نوێ: 6 دەنگ
کۆمەڵ: 2 دەنگ
پووچەڵ: 25 دەنگ

 


18:22

رێژەی بەشداریی دەنگدان لە شێخان بزانە

 
لە قەزای شێخان رێژەی بەشداریی دەنگدان بەڕێژەی 73,67٪

16:50

دەنگدان بەرەو کۆتایی دەچێت و دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کەمە

بنکەیەکی کەرکووک
 
رووماڵی رووداو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. بە گوێرەی ئاماری بنکەکان بۆ رووداو، بەشداریکردن لە هیچ ناوچەیەک نەگەیشتووەتە 50%، جگە لە شنگال.
 
گوێڕ و مەخموور
 
بە گوێرەی مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو، لە سەنتەری مەخموور رێژەی گەڕانەوەی کورد "باش" بووە، بەڵام لە دەوروبەری نزیکەی 10% بەشدارییان کردووە.
 
بە گوێرەی ئامارەکان کە بە رووداو دراون، تاوەکو نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ، لە گوێڕی سەر بە مەخموور نزیکەی 40% چوون بۆ دەنگدان.
 
لە گوێڕ 32 هەزار و 583 دەنگدەر هەن و تاوەکو کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆ  40%یان دەنگیان داوە. پەیامنێری رووداو دەڵێ: "نزیکەی 30%ـی ئەوانەی دەنگیان داوە عەرەب بوون و کەمینەیەک کورد بوون".
 
هاونیشتمانییەک لە گوێڕ بە رووداوی گوت: "کێشە بۆ خەڵک دروست بووە؛ هەندێک کارتەکانیان نایخوێنێتەوە و هەندێک کێشەی ناونەبوونیان هەیە".
 
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: "کورد زۆر کەم هاتوون، داواکارم لە کاژێرانەی ماون زۆرترین کورد بچن بۆ دەنگدان".
 
دەنگدان لە خانەقین
 
لە قەزای خانەقین 81 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدان لە قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەری بەردەوامە. هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە شارەکە دەڵێت: "رێژەی بەشداری زۆر کەمە".
 
لە یەکێک لە بنکەکانی خانەقین کە 2 هەزار و 251 کەس مافیان دەنگدانیان هەیە، تاوەکو کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ 690 کەس دەنگیان دابوو کە نزیکە بە 30%ـی دەنگدەرانی بنکەکە.
 
هاونیشتمانییەک لە کاتی دەنگدان دا بە رووداوی گوت: "لە کەلارەوە بۆ خانەقین هاتوومەتەوە بۆ دەنگدان، خەڵکێکی زۆر لە رێگەکەدان و دەگەڕێنەوە بۆ خانەقین".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، لە کەلارەوە چووە شارەزای خانەقین نەبووە و هیچ لایەنێک نەبووە هاوکاری بکات بۆ دۆزینەوەی ناوەکانی؛ گوتیشی: "چەند بنکەیەک گەڕام تاوەکو ناوەکەمم دۆزییەوە".
 
دەنگدان لە سنووری شنگال
 
عەدلا بەکر، پەیامنێری رووداو لە شنگال دەڵێ: "دەنگدان بەرەو کەمبوونەوە دەچێ، بەڵام لە سنووری شنگال بەگشتی دەنگدان تاوەکو کاژێر 03:00 گەیشتووەتە 50%".
 
لە بنکەیەکی شنگال کە 2300 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تاوەکو کاژێر 03:00ـی ئێوارە نزیکەی هەزار و 300 کەس دەنگیان داوە.
 
بەرپرسی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەیانییەوە لێرەین و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە. ئەوانەی پەنجەمۆریان دەرنەچوو، لە رێگەی رووخساریانەوە دەنگیان داوە".
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان جگە لە پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان، ئاستەنگییەکیان بۆ کەس دروست نەکردووە و دۆخەکە بێ کێشەیە".
 
دەنگدان لە نەینەوا
 
کاوە عومەر، پەیامنێری رووداو لە نەینەوا دەڵێ: "بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە سنووری پارێزگاکە وەرمانگرتووە، کورد بە شێوەیەکی زۆر باش لە دەنگداندا بەشدارییان کردووە".
 
پەیامنێری رووداو گوتی: "لە یەکێک لە بنکەکانی موسڵم، تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەنگدەر کەم بوو، بەڵام دواتر خەڵک روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کردووە و پێشبینی دەکرێ رێژەی دەنگدان بەرزبێتەوە بۆ 50%”.
 
یەکێک لە کێشەکانی کورد لە موسڵ ئاوارەبوونیانە و زۆرینەیان سنوورەکەیان جێهێشتووە. چالاکڤانانی ناوچەکە داوا دەکەن، "خەڵک بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە و دەنگەکانیان بەکاربهێنن".

 

 

15:42

ئومێد سەباح: داوا لە دانیشتووانی کەرکووک دەکەم دەنگ بدەن و ناسنامەی کورد بپارێزن

ئومێد سەباح، سەرپەرشتیاری مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک- گەرمیان
ئومێد سەباح داوا لە دانیشتووانی کەرکووک دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و "ناسنامەی کورد بپارێزن".
 
ئومێد سەباح، سەرپەرشتیاری مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک- گەرمیان دەڵێت، رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک زیادی کردووە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانکراو نییە. 
 
ئەو بەرپرسەی پارتی لە کەرکووک و گەرمیان ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ "رۆژی بەرگریکردنە لە ناسنامەی کورد."
 

15:25

خالید شوانی بۆ هاونیشتمانییانی دەنگدەر لە کەرکووک: هەڵمەت بکەن و رێگری لە بیری شۆڤێنی بکەن

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
 
وەزیری دادی عێراق لە کەرکووکەوە داوای لە دەنگدەرانی کورد کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و رایگەیاند، "رێگە نادەین جارێکی دیکە کەسانی وەکو راکان جبووری لە کەرکووک دەسەڵات بگرنەوە دەست و کورد پەراوێز بخەن."
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووکەوە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و جەختی لە گرنگیی بەشداریی دەنگدەرانی کورد لەم هەڵبژاردنە کردەوە و گوتی، "بانگەوازی هەندێک لایەنی عەرەبی نامانترسێنێت، چونکە دەنگدەرانی کورد هاوشێوەی پێشمەرگە قارەمانەکان دەنگ دەدەن و ئەم ئیدارەیەی کەرکووک دەپارێزن."
 
خالید شوانی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمە و داوایکرد، "لەو ماوەیەی ماوە، دەنگدەران بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، تاوەکو رێگری بکەن لە گەڕانەوەی بیری شۆڤێنی بۆ دەسەڵاتی کەرکووک."
 
ئەو وەزیرە کوردە لە حکومەتی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "کورد بە دەنگەکانیان دەتوانن ئەم ئیدارەیە بپارێزن، بۆئەوەی جارێکی دیکەش لە کەرکووک کورد ببێتەوە بە زۆرینە، دەنگ بدەن و بە دەنگەکانیان پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن."
 
خالید شوانی داوای لە دەنگدەرانی کەرکووک کرد، لەجیاتی ئاهەنگی پێشوەختە بچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، لە شەقامەکان رێگە بۆ خەڵک بکەنەوە بچنە بنکەکان و جارێ پێشوەختە ئاهەنگ نەگێڕن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو نیوەڕۆ لە کەرکووک 258 هەزار و 823 کەس دەنگیانداوە، واتە تەنیا رێژەی 28.85%ی دەنگدەرانی پارێزگاکە چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، لە کاتێکدا کەرکووک 897 هەزار و 30 دەنگدەری هەیە.
 
پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداویش لە کەرکووک رایانگەیاند، رێژەی بەشداری کورد کەمە و جموجۆڵی کەم لە بنکەکانی دەنگدان دەبینرێت.
 

15:18

ئەو سەربازەی لە خورماتوو دەستدرێژی کردە سەر گەنجێکی کورد دەستگیر کرا

رووداو
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەو سەربازەی کە دەستدرێژیی کردە سەر هاووڵاتییەکەی خورماتوو، دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە."
 

15:13

رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
 
پەیامنێرانی رووداو رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
 
رێژەی بەشدارییەکە بەمشێوەیە بوو:
 
سێمێل: تاوەکو کاژێر 02:00، 52%
 
کۆیە: تاوەکو کاژێر 02:00، 43.32%
 
 دهۆک: تاوەکو کاژێر 02:00، 46%
 
بەشداریی لە چەند ناوچەیەکی دیکە تاوەکو نزیکەی کاژێرێک پێش ئێستا:
 
- خانەقین: 29%
 
- راپەڕین: %45

 

 

14:20

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق: لە پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق رازین

محەممەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
 
نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رازین.
 
محەممەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، ئەندامانی تیمەکەی "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەبن."
 
حەسان ئاماژەی بەوەش کرد، "دڵخۆشم بەم پێشوازییەی هاووڵاتییان و ئەم رێکخستنە باشەی کۆمیسیۆن." گوتیشی، "ئەوەی ئەمڕۆ و لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بینیمان، بەڵگەیە لەسەر هەوڵەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی رێکخراو."
 
نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، "ئەمڕۆ ئاهەنگێکی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عێراق بۆ ئەوەی بە ئازادی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەمڕۆ عێراقییەکان دووپاتیان کردەوە، دەنگی هاووڵاتیی عێراقی سەرچاوەی رەوایەتییە و بەشداریی هۆشیارانەش بنەمای چەسپاندنی دیموکراسییە لە وڵات، هەروەها بنەمای بەهێزکردنی متمانەیە بە دامەزراوەکان."
 
محەممەد حەسان گوتی، یونامی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا رۆڵی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد : "ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر رازین لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئێستا و دڵنیاین هەموو لایەنە سیاسییەکان پارێزگاری لە کەشێکی ئارام دەکەن و رێز لە هاووڵاتیی عێراقی و ئیرادەکەی دەگرن، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش چاودێری سکاڵاو تانەکانی هەڵبژاردن دەکەین."  
 
بە گوتەی حەسان گوتی، "گەلی عێراق شایەنی رێز و پێزانینە بۆ ئەو هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەی لەم رۆژە و پێشتریشدا نیشانیان داوە و ئەمەش گەواهیدەری پێگەیشتوویی سیاسییە."
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق و گەلەکەی دەمێنێتەوە و پشتگیریی رێڕەوەکەی دەکات بەرەو بەدیهێنانی کەشێکی ئارامتر و سەقامگیرتر."
 

14:16

ئەو سەربازەی لە خورماتوو دەستدرێژی کردە سەر گەنجێکی کورد دەستگیر کرا

رووداو
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەو سەربازەی کە دەستدرێژیی کردە سەر هاووڵاتییەکەی خورماتوو، دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە."
 

14:03

فازڵ میرانی: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، عێراق ئارامی نابینێت

کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی فازڵ میرانی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی فازڵ میرانی
فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای دەنگدانی لە یەکێک لە بنکەکانی هەڵبژاردن، تیشکی خستە سەر بایەخی ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها پەیامی بۆ داهاتووی سیاسیی عێراق و کوردستان نارد و جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا کردەوە.
 
لە سەرەتای قسەکانیدا فازڵ میرانی گوتی، هەڵبژاردن تەنیا بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، "ئەمڕۆ و دوێنێ رۆژانی گرنگن، چونکە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی دیموکراسین. هەڵبژاردن روویەکە لە رووەکانی دیموکراسی، بەڵام هەموو دیموکراسی نییە لە هەر وڵاتێک. پێویستە رەفتاری بەربژێر، کیان و دەنگدەر، رەفتارێکی دیموکراسی و سەردەمیانە بێت و پەیڕەوی لە بەهاکانی کۆمەڵگەی خۆی بکات."
 
فازڵ میرانی رەخنەی لە دیاردە نادیموکراسییەکانی کاتی بانگەشە گرت، لەوانە "دەمشڕی، دڕاندنی پۆستەر و تۆمەت هەڵبەستن" و هیوای خواست کۆمەڵگەی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەنە ئەو ئاستەی دوور لە "دەنگ کڕین و دەنگ فرۆشتن" هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رەخنەی لە پەرلەمانی عێراق گرت بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕگە سەرەکییەکانی دەستوور و گوتی، "دەستوورێکمان هەیە کە 85%ی خەڵکی عێراق، بە ئێمەشەوە، دەنگیان پێداوە. بەداخەوە، پەرلەمانی عێراق نەچووەتە سەر جێبەجێکردنی مادە گرنگەکان، لەوانە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و مادەی 140 و تەنانەت شیکردنەوەی سیستمی فیدراڵی."
 
میرانی نەخشەڕێگای کوردستانی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان خستەڕوو و گوتی، "دوای ئەم هەڵبژاردنە، دەبێت بزانین کام فراکسیۆن زۆرترین دەنگ دەهێنێت و کام بەرە زیاتر لە ئێمەوە نزیکە. دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانە ببەستین کە لە بیرکردنەوە و لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقەوە لێمانەوە نزیکن."
 
گرنگترین پەیامی فازڵ میرانی بریتی بوو لە یەکڕیزیی کورد لە بەغدا و گوتی، "لەکاتێکدا باسی کێشەکانی عێراق دەکەین، لەوەتەی عێراق بووەتە دەوڵەت، کێشەی کورد بە پلەی یەکەم دێ، چونکە ئەم کێشەیە چارەسەر نەبێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. کەواتە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دەبێت لە نێوخۆماندا یەکڕیز بین و لەوێ یەک دەنگ بین. ئەمە ئاواتی منە، هیچ ئاواتێکیش نایەتە دی ئەگەر هەوڵی بۆ نەدەیت."
 

13:42

رۆژی چوارشەممە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمی

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2025یان کردە پشووی فەرمی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، بڕیاری دا رۆژی چوارشەممە پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دامودەزگە حکومییەکان، جگە لەوانەی لە ئەرکدان."

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بڕیارەکە بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەزگا ئەمنییەکان، بۆ تەواوکردنی پێویستیی گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان و چۆڵکردنی ئەو قوتابخانانەی وەکو بنکەی هەڵبژاردن بەکارهێندراون."

هەر ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 12-11-2025 لە سەرجەم دامودەزگە فەرمییەکان پشووی فەرمی دەبێت، هاوکات دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبێت."

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 10 و 11ی تشرینی یەکەمی 2025ی وەکو پشووی فەرمی بۆ فەرمانبەرانی ناوەوە و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو، ئەوەش بە ئامانجی کارئاسانی بۆ بەشداریکردنی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتی.

پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەستیپێکرد، زیاتر لە 20 ملیۆن و 90 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن.

دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 11 کاژێر بەردەوام دەبێت، بنکەکان لە کاژێر 07:00 تاوەکو کاژێر 18:00 کراوە دەبن، دوای ئەو ماوەیە ئامێرەکان خۆکارانە دەوەستن و پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت.

 


12:55

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو: رێگە بەو جۆرە رەفتارە نادەین

رووداو
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئاڵای هەرێمی کوردستان بە ئاڵای خۆمان دەزانین و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2025-11-11 سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوەش کرد: "بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنییەتیی رووداوەکە دەکەین و رێگە بەو جۆرە رەفتارە نادەین". 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خورماتوو پەلاماری گەنجێکی کوردی دا و دەنگی هاونیشتمانییەکیش لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەبیسترێت کە دەڵێت، پەلاماردانەکە لەسەر ئاڵای کوردستان بووە. 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداویش لە خورماتوو گوتی، ئەمە چوارەمین دۆخی لەو جۆرەیە لە پارێزگای سەلاحەدین دەبینرێت و هاونیشتمانییان بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە رووبەڕووی پەلاماردان دەبنەوە.
 

 

 

12:30

چاودێرێکی سیاسیی لە کەرکووک: رێژەی بەشداریی کوردەکان کارەساتە

رووداو
رووداو
چاودێرانی سیاسیی کورد لە کەرکووک هۆشداری لە کەمی بەشداریی دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک دەدەن. 
 
چاودێرانی سیاسیی کورد لە  کەرکووک نیگەرانی خۆیان بۆ کەمی بەشداریی کوردەکان دەردەبڕن و یەکێکیان دەڵێت، "لە گەڕەکی شۆریجە لە کۆی زیاتر لە سێ هەزار دەنگدەر تەنیا 365 کەس دەنگیان داوە. 
 
گەڕەکی رەحیماوا و شۆریجەی کەرکووک دوو گەڕەکی زۆرینە کورد نشین و بە مەڵبەندی کورد لە کەرکووک دادەنرێن. چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، جگە لەو دوو گەڕەکە چەندین گەڕەکی دیکە گەڕاوە و بەشدارییەکە "کارەساتە".

12:28

بەرپرسان هۆشداری دەدەن؛ رێژەی بەشداریی کورد لە کەرکووک لە دەنگدان کەمە

دەنگدەرێک لە بنکەیەکی دەنگدان لە کەرکووک دەنگ دەدات. وێنە: AA
 
لە کەرکووک رێژەی بەشداریی کورد لە دەنگدان کەمە و عەرەبیش بە چڕی بەشداری دەکەن، بەرپرسانی کورد هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر کورد بۆ دەنگدان نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، کورسی لەدەست دەدەن.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەربژێری پارتی لە کەرکووک دوای ئەوەی دەنگی دا، رایگەیاند، ''ئەگەر خەڵک نەگەڕێتەوە کەرکووک بۆ دەنگدان، کورد کورسییەک یان دوو کورسی لەدەست دەدات، جەختیشی کردەوە، دەنگدانی کورد لە کەرکووک هێندەی شەڕی داعش گرنگە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، ''بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن زۆر گرنگە، چونکە کەرکووک دۆخێکی جیاوازی هەیە و ململانێی نەتەوەیی هەیە، کوردیش دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە کەرکووک بپارێزێت.''
 
 
هاوکات جەنگی عیزەدین، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، ''پێشبینی دەکەن دوانیوەڕۆ رێژەی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان زیاتر ببێت، بەتایبەت کە بڕیارە لە دەرەوەی شارەکان خەڵکی زیاتر بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە.''
 
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک جەختیکردەوە، ''بەشداریکردنی کورد لەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە" و داوای کرد خەڵک بە چڕی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
 
هاوکات هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، رێژەی بەشداری کورد لە دەنگدان تاوەکو ئێستا زۆر کەمە، لە بەرامبەردا عەرەب بە چڕی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
 
هاوکات خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە کەرکووک گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە لە مێژووی عێراق و کەرکووکدا بەتایبەتی. ئەمڕۆ خەڵکی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن. پەرلەمانی عێراق گرنگی گەورەی هەیە، چونکە ئەوێ سەنگەری پێشەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و مافی خەڵکی عێراقە. بۆیە هەرچەندە هاووڵاتییانی ئێمە بەشێوەیەکی کارا و زۆر بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، زیاتر دەتوانن نوێنەریان لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێ و لەوێوە بتوانن مافەکانیان بپارێزن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن."
 
 
خالید شوانی ئاماژەی بە پێویستی بەشداریکردنی زیاتری هاونیشتمانییانی خەڵکی باشووری کوردستان بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی کرد و گوتی: "بۆ ئێمەی کوردستانییان و کەرکووک، پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی و پرۆسەی سیاسیی گرنگی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی ئێمە هەرێمێکی فیدراڵ و کەرکووکێک وەک پارێزگایەک لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا کە ئیدارەکەی ئێستا بە دەست پێکهاتەی کوردییەوە هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە هەیە، پێویستمان بەوەیە ئامادەبوونێکی بەهێزمان لە بەغدا هەبێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوەکو کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ، رێژەی دەنگدان لەو بنکانەی کە ناوی دەنگدەرانی کوردی لێیە، بەم جۆرە بووە:
 
بنکەی گەرمیانی گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک5173 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تەنیا 411 کەس دەنگیان داوە
بنکەی 11ی ئازار 8503 کەس مافی دەنگدانیان هەیە،  450 کەس دەنگیان داوە
بنکەی هەڵاڵە لە رەحیماوە، 6542 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 150 کەس دەنگیان داوە
بنکەی باوەگوڕگوڕ لە رەحیماوا، 5762 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 350 کەس دەنگیان داوە
بنکەی ئەختەر لە رەحیماوا 1163کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 314 کەس دەنگیان داوە
 
هاوکات بەشێک لە دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان قسەیان بۆ رووداو کردووە و دەڵێن، لە گەڕەکە عەرەبییەکان رێژەی بەشداری لە دەنگدان زۆرە، داواکارن کوردیش پرۆسەکە بە جددی وەربگرن و ئەمڕۆ دەنگ بدەن.
 
لە حیزبە کوردستانییەکان تەنیا پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بە فەرمی لە بازنەی کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە.
 

12:25

کۆمیسیۆن: 10 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە

کۆمیسیۆن: 10 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە
 
 
لە 27 بنکەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئامێرەکان کێشەیان هەبووە، کۆمیسیۆن دەڵێ کێشەکان چارەسەر کراوە و ئێستا هەموو ئامێرەکان کار دەکەن و هێشتا 10 هەزار کارتی دەنگدانیش وەرنەگیراونەتەوە.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "هێشتا 10 هەزار کارتی دەنگدان  لە سێ پارێزگای سلێمانی، دهۆک، هەولێر وەرنەگیراونەتەوە و، بەردەوامین لە دابەشکردنیان و دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان لەکاتی دەنگداندا وەربگرنەوە.'' 
 
"پرۆسەکە تاوەکو ئێستا سەرکەتووە، هەموو ئامێرەکانمان کاردەکەن و کێشەمان نییە."
 
نەبەرد عومەر دەڵێت : "لە سەرەتای پرۆسەکە لە 27 بنکە بەشێکی وێستگەکانی دەنگدان کێشەیان هەبوو، بەڵام ئەویش چارەسەرکراوە و ئێستا هەموو بنکەکان ئامێرەکان تێیاندا کاردەکەن."
 
 بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن روونکردنەوە دەدات لەبارەی دەنگی پووچەڵ و دەڵێت : "پەنجەمۆر بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی پووچەڵبوونەوەی دەنگ، ئەو دەنگە پووچەڵانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون، پەیوەستن بە خودی دەنگدەرانەوە.'' 

11:36

مەسرور بارزانی داوا لە کۆمیسیۆن دەکات 'بە ئەمانەتەوە' مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی دەنگدان لە پیرمام دەنگی دا، دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد "بە ئەمانەتەوە" تاوەکو کۆتایی پرۆسەکە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بکەن.
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بنكەیەكی دەنگدان لە پیرمام، بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
 
دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکان هیوای خواست، خەڵك لە كەشێكی ئارام و ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژی بڕیاری خەڵكە، هیوادارم خەڵك بتوانێت لە كەشێكی ئارام و ئازاد دا و بە ئارەزووی خۆیان، دەنگی خۆیان بدەن و خەڵكێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆئەوەی بەرگری لە مافە رەواكانی ئەوان و مافە دەستوورییەكانی خەڵك بكات."
 
سەرۆکی حکومەت هەڵبژاردنەکەی بە "هەڵبژاردنێكی گرنگ" ناوبرد و هیوای خواست، خەڵك "بە هەموو ئارەزووی خۆی و دوور لە هەموو گوشارێك، بڕیاری خۆی بدات، چونكە بڕیاری ئەمڕۆی خەڵك، رێڕەو و شێوازی حوكمڕانیی چوار ساڵی داهاتوو دیار دەكات. هیوادارم كۆمسیۆنیش، بە ئەمانەتەوە تاوەکو كۆتایی پرۆسەكە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بكات."
 
لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ هەموو لایەك خواست و گوتی، "هیوادارم هەموو هاووڵاتییان ئەمڕۆ بێن و دەنگی خۆیان بدەن."
 

11:34

پەیامنێرانی رووداو لە سەعدیە: رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمە

رووداو
پەیامنێرانی رووداو لە سەعدیە دەڵێن، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق کەمە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی رووداو، لە بنکەیەکی دەنگدانی ناحیەی سەعدیە لە 2500 دەنگدەر تەنیا 500 کەس دەنگیان داوە. 

11:27

هادی عامری لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو: رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادەین

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح
 
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی دا، رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن "سەرکەوتنە بۆ عێراق." ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا نادەن.
 
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، "پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئاسان و کاریگەر بەڕێوەدەچێت، ئەمەش سەرکەوتنە بۆ عێراق." گوتیشی، "ئەمڕۆ عێراق بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن سەرکەوت و متمانەیەکی زۆرمان بە کۆمیسیۆنە."
 
سەبارەت بە بایکۆتکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکەدا، عامری گوتی، "رێز لە رای رەوتی سەدر دەگرین و ئەمەیە دیموکراسی. گرنگ ئەوەیە عێراق سەرکەوێت."
 
عامری هیوای خواست هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە دەنگداندا بکەن و سەرکەوتنیشی بۆ هەموو لایەنەکان خواست.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە رایگەیاند، "رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا نادەین؛ دەستوەردانی دەرەکی قبووڵ ناکەین."
 
عامری هیوای خواست، لە زووترین کاتدا بەشداری بکەن لە پێکهێنانی حکومەتێکی تۆکمەی نیشتمانیدا.
 

11:06

پشتیوان سادق: یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا لە هەموو شتێک گرنگترە

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر
 
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر دەڵێت، سوورن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە هەموو شتێک گرنگترە.
 
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دوای دەنگدانی لە بنکەیەی دەنگدان لە شاری هەولێر وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە.
 
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، ئومێدیان دەخواست پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرایە، "ئەم خەڵکە ماندوو بوون و ئەزیەتیان بینی بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. بێگومان پارتی زۆر بژاردەی هەبوو، بەڵام ئەوەمان بە پێویست زانی لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان لە دانوستاندن بەردەوام بین."
 
لەبارەی روانگەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پشتیوان سادق گوتی، "بێگومان هەروەک جەنابی سەرۆک فەرمووی، دوای هەڵبژاردن روانگەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دوو شت دەبێت. یەکەم، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی حکومەت پێکبێت. دووەم، ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، ئەوەی کە پێشتر پێویست بوو، بیدەین یان لەگەڵ ئەو لایەنانە، ئەوە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێتەوە، بەڵام سەرەنجام پێداگرین لەسەر ئەوەی مافی خەڵکە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت."
 
سەبارەت بەو کارانەی پێویستە دوای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراقدا بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، پشتیوان سادق گوتی، "دەستوورێکمان هەیە لە عێراق و پێویستە ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت. دووەمیان، پێویستە هێزە کوردستانییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا یەکگرتوو و یەکڕیزبن بۆ ئەوەی باشتر بتوانن بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکەن. ئەوە لە هەموو شتێک گرنگترە. لەبەر ئەوەی ئێمە بەپێی ژمارەی کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مامەڵە ناکەین، بەڵکو بەپێی مافی پێکهاتەیەکی سەرەکی کە کوردە پێویستە مامەڵە بکرێت."
 

10:55

جومانە غەلای بۆ رووداو: تەنیا کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پێویستە

رووداو
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو: رێنمایی کۆمیسیۆن ئەوەیە تەنیا کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پێویستە. 
 
جومانە غەلای دەڵێت، "ئەم رێنماییە بۆ سەرانسەری عێراق وەک یەکە".
 
گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە هەر شوێنێک پێچەوانەی ئەم رێنماییە کاربکرێ، هاووڵاتی دەتوانێ سکاڵا تۆماربکات.

 

 

 

10:49

رێبەر ئەحمەد: هەڵبژاردن بووەتە کولتوور و بەردەوام پەرەی سەندووە

کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێک لە کولتووری خەڵک و بەردەوام پەرەی سەندووە؛ داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات بەشداریی کارا لە پرۆسەکەدا بکەن.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری هەولێر دەنگی دا.
 
وەزیری ناوخۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "چەندین ساڵە هەڵبژاردن بووەتە بەشێک لە کولتووری خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن، شێوازی بەشداریکردن بەرەوپێشەوە دەچێت. هەموو خەڵک هەوڵ دەدات کە بەربژێری راستەقینە و نوێنەری راستەقینەی کوردستان بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی دەنگەکانیان پارێزراو بێت."
 
رێبەر ئەحمەد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، پێشمەرگە و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە "لە سایەی هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانەوە ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەیە."
 
وەزیری ناوخۆ داوای لە سەرجەم هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان کرد بەشداریی کارا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بکەن و گوتی، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەم بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن و نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن؛ ئەوانەی کە باوەڕیان پێیان هەیە و بتوانن لە بەغدا خیانەت لە دەنگەکانیان نەکەن، داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن و لە هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستە بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن."
 

10:48

سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمە

خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق
 سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریی تاوەکو ئێستا 12٪ـە و رێژەکە کەمە. 
 
خالید عەباس دەڵێت، کاژێر 6ـی ئێوارە هەموو بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و دەنگدان کۆتایی دێت و ئەنجامەکان رادەگەیێنن.
 
 سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 723 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان هەیە و بەسەر 273 بنکە دابەشکراون.
 
تاوەکو ئێستا بەشێکی دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە، خالید عەباس دەڵێت، وەرگرتنەوەی کارتەکان بەردەوامە. 

 

 

 

10:44

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: دەنگی عێراقییەکان سەرچاوەی شەرعیەتە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: دەنگی عێراقییەکان سەرچاوەی شەرعیەتە
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە رایگەیاند، عێراقییەکان بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن جەختدەکەنەوە دەنگی ئەوان سەرچاوەی رەهایی پرۆسەی سیاسییە، بەشدارییەکی هۆشیارانە و بەرپەرسیارانە، بنەمای بەرجەستەکردنی دیموکراسیەتە لەم وڵاتە.
 
محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لە باشیی بەڕێوەچوونی دەنگدان کردەوە و رایگەیاند: ''بەیانیی ئەمڕۆ لە بەغدا سەردانی ژمارەیەک لە بنکەکانی دەنگدانمان کردووە و رێخستنێکی زۆرباشی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبینین لەگەڵ بەشدارییەکی فراوانی خەڵک.''
 
محەممەد حەسان راشیگەیاند: ''نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری عێراق چاودێریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن لە بنکەکانی دەنگدان، ئەوەشی کە ئەمڕۆ و پێرێش لە دەنگدانی تایبەت بینیم، نیشاندەری ئەو هەوڵ و ماندووبوونەیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دامەزراوەکانی عێراق داویانە بۆ گەرەنتیکردنی ئامادەبوونی ئیداری و هونەری، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی رێکخراو بۆ پەرلەمان.''
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: ''لە روانگەی منەوە ئاهەنگێکی دیموکراسییە کە تەواوی گەلی عێراق تێیدا بەشدارن، بە پیادەکردنی حەقێکی رەوای دەستووریی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بەوپەڕی ئازادانە و بەرپرسیارانە، کە نیشاندەری ئازادیی ویست و پەیوەستبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسی بەرەو بونیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و گەشاوە بۆ عێراق.''

10:37

سەرکردەکانی شیعە چاویان لە رێژەی بەرزی دەنگدانی خەڵكە

سەرکردەکانی شیعە چاویان لە رێژەی بەرزی دەنگدانی خەڵكە

 

سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لە بەغدا دەنگیاندا و زۆربەیان چاویان لەوەیە رێژەی بەشداریی خەڵک زۆر بێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، هەڵبژاردن جەختکردنەوەیە لە پەیڕەوکردنی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و هەڵبژاردنی ئازادانەی نوێنەرانی خەڵک.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە کە لە وادەی دەستووریی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، جەختکردنەوەیە لە پەیڕەوکردنی بنەمای ئاشتییانەی دەسەڵات لەژێر سایەی سیستمی نوێی سیاسیی لە عێراقدا."

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی هەڵبژاردنەوە باسی لەوەش کرد کە جەختکرنەوەشە لە پابەندیی گەل بە پەیڕەوکردنی ئەم پرۆسە دیموکراسییە کە هاووڵاتی بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و هۆشیارییەوە نوێنەری خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرێت.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە لەگەڵ لیستەکەی سوودانی  چاوەڕێ دەکرێت ببنە رکابەری سەرەکیی بردنەوەی کورسییەکان، پێشبینی دەکات رێژەی دەنگدانی خەڵك زۆر بێت.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "ئەمڕۆ بۆ عێراق رۆژێکی گەورەیە، خەڵکی عێراق لە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە تێدەگەن و رێژەی بەشداری زیاتر دەبێت. ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم هەڵبژاردن هەبوون تێپەڕێنران. هیوادارین خەڵک هەمووی بەشدار بێت و هەڵبژاردنەکەش ئەنجامێکی پاک و بێگەردی هەبێت."

هێشتا پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە  داوایکرد دوای ئەنجامی کۆتایی گفتوگۆی حکومەتی نوێ دەستپێبکات.

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ عێراق و ئەم هەڵبژاردنە سەقامگیرییەکی بەردەوام بۆ عێراق دەهێنێت. ئەمڕۆ رکابەری کۆتایی هاتووە. کاژێر 6:00ـی ئێوارە کاتێک سندووقەکان داخران، گەل قسەی خۆی کردووە و پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ گفتوگۆ و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ و لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن."

شیعەکان لیستیان زۆر و رکابەرییان تووندە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب داوای بەشداریی کارا و رێژەی زۆری دەنگدان دەکات.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی: "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە زۆرترین بەشداریی تێدا بکرێت. ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، ئەمڕۆ عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو بونیات دەنرێتەوە. دیموکراسیەت زیاتر بەرجەستە دەکرێت. داهاتوویەکی گەشتر بونیات دەنرێت."

خەزعەلی باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ پەیامێک دەبێت بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان کە دیموکراسی لە عێراق جێگیر بووە و خەڵکەکەی پەیوەستن بە وڵاتەکەیانەوە. گوتیشی: "گەلی عێراق بێهیوا نەبووە، گەلی عێراق گەلێکی زیندووە و هیوای لەدەستنەداوە."

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەوت هەزار و 745 بەربژێر لە 18 بازنەی عێراق کێبڕکێی بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن.


10:27

رێباز حەملان: هەڵبژاردن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافی دارایی گەلی کورد گرنگە

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەدەچێت و داوای بەشدارییەکی بەرفراوانی هاونیشتمانییانی کرد. گوتیشی، ئەم هەڵبژاردنە بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ دەستپێکردنی کاری جیدی لەسەر دەستوور و دابینکردنی مافە داراییەکانی گەلی کورد لە بەغدا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی هەولێر، رێباز حەملان داوای لە هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان کرد، بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن، جەختی لە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە کردەوە و گوتی، "ئەم پڕۆسەیە بۆ ئاییندەی عێراق و هەرێمی کوردستان و گەلی کورد و گەلی عێراقیش زۆر گرنگە."
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەم قۆناخە، قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات کە تێیدا کاری جیدی لەسەر دەستوور دەکرێت، "پێویستە ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتوون، لە پەرلەمانی عێراق بکرێنە یاسا، بۆئەوەی بتوانین مافی گەلی کورد لەسەر بابەتی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین، کە کێشەیەکی هەرە گەورەی خەڵکی کوردستانە."
 
سەبارەت بە کێشە داراییەکان، رێباز حەملان وەک نموونە هێمای بۆ ئەوە کرد، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 9ی ئەم ساڵ نەنێردراوە، "ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و یاساکانی بودجە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، ئەم کێشانە روویان نەدەدا."
 
یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "پێویستە خەڵکی کوردستان بەشداریی ئەم دەنگدانە بکەن تاوەکو سەنگ و قورسایی گەلی کورد لە بەغدا رەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبێت."
 

10:24

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان دەنگ بدەن

 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "لەپێناو بەردەوامبوونی رەوڕەوەی بونیاتنانی ژێرخانی کوردستان، دەنگ بەو لیستە بدەن کە ژێرخانی کوردستان بنیات دەنێت و دابینکەری دواڕۆژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025 د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "داوا لە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان دەکەین، لەپێناو بەهێزیی هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن."
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کورستانەوە د. ڤالا فەرید ئاماژەی بەوەدا، بەمزووانە کابینەی نوێ پێکدەهێندرێت.
 
لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد، "لەپێناو مانەوەی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان، لەپێناو ئارامی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا، دەنگ بدەن."
 
هاوکات گوتیشی، "لەپێناو بەردەوامبوونی رەوڕەوەی بونیاتنانی ژێرخانی کوردستان، دەنگ بەو لیستە بدەن کە ژێرخانی کوردستان بنیات دەنێت و دابینکەری دواڕۆژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە."
 

10:02

سەرۆک مەسعود بارزانی دەنگیدا

سەرۆک مەسعود بارزانی.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە بنکەیەکی دەنگدانی قەزای پیرمام دەنگیدا.

09:59

ئاری هەرسین: پێویستە بە دەنگدان و مەدەنیەت کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
 
بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، هەندێک بۆچوونی شۆڤێنی دژی کوردستان لە عێراق هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە بە دەنگدان و مەدەنیەت کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025 ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، دوای دەنگدانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، "هیوادارین خەڵکی کوردستان و ئەم دەڤەرەی سلێمانی بچن دەنگ بدەن. ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە؛ هاوکات هیواخوازین پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەبچێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی لقی 4ی پارتی، بەشێکی زۆر لە دەنگی پووچەڵ بۆ نەزانینی تەکنیکی دەنگدان دەگەڕێتەوە، هەربۆیە پێویستە هاونیشتمانی زانیاریی تەواوی لەو بارەیەوە هەبێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاری هەرسین گوتی، "خەڵک مافی خۆیەتی دەنگ بدات و دەنگدان ئەرکێکی ئەخلاقییە؛ هیوادارین زۆرترین خەڵک بچن دەنگ بدەن، چونکە پێویستمانە خەڵک بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدات."
 
لەبارەی ئەوەی دەنگی بە چ لیست و بەربژێرێک داوە، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی گوتی، "هەموومان دەزانین دەنگم بە چ لیستێک داوە؛ دەنگم بەو لیستە داوە کە بتوانێت سەقامگیری و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیم بۆ دابین بکات."
 
سەبارەت بە گرنگیی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق، ئاری هەرسین گوتی، "زۆر گرنگە خەڵک دەنگ بدات، چونکە کۆمەڵێک کێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە. بێگومان ئەو کێشانەش بە شەڕە تفەنگ چارەسەر ناکرێن. رێگەی مەدەنی ئەوەیە بەشداریی هەڵبژاردن بکەین، هەندێک بۆچوونی شۆڤێنی دژی کوردستان لە عێراقدا هەیە، پێویستە بە دەنگدان و مەدەنیەت کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین."
 

09:57

حکومەتی عێراق: چاوەڕێین رێژەی دەنگدان بەرز بێت

دەنگدەرێک لە بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا دەنگ دەدات. وێنە: AA
 
حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات و چاوەڕێی ئەوەیە رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردن بەرز بێت، دەنگدانی تایبەتیش بە نموونەی سەرکەوتووی هەڵبژاردن دادەنێت.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرەتا گومان هەبوو لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوە لە حکومەتەوە نەبوو، لە کۆتاییدا کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت هەن، هەرسێکیان پێکەوە توانییان هەڵبژاردن ببەنە شوێن و کاتی دیاریکراوی بەڕێوەچوون.''
 
باسم عەوادی باسی 'سەرکەوتنی' دەنگدانی تایبەت دەکات و دەڵێت، "دەنگدانی تایبەت زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمجاریش ئەو رێژەیەی دەنگدان لە ماوەی کاتی دیاریکراودا تۆمار کرا، ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ئەمڕۆ رێژەی دەنگدان زۆر بەرز دەبێت."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی قۆناخی دوای هەڵبژاردنیش دەکات و دەڵێت، "خاوەنی قسەی خۆمان بووین لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، هەموو ئاسانکارییەک دەکەین بۆ ئەو پرۆسەیە و دابینکردنی پێویستییەکانی."
 
باسم عەوادی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی عێراق بە "ئەزموونێکی گەورە" ناودەبات لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و دەڵێت، "بچووکترین ئەزموونی دیموکراسی بە دیاریکراوی لە رۆژئاوای ئەورووپا، بە هەمان شێوە لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و رۆژهەڵاتی ئەورووپاش بەرهەمی پرۆسەیەکی بەردەوامیی و تەواوکارین، بەو مانایەی خول و قۆناخی جیاوازییان هەیە."
 
بەرپرسەکەی عێراق دەڵێت، "هیواخوازین ئەو هەڵبژاردنەش ببێتە باشترکردنی ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەشێوەیەک کە وەڵامدەری داوا و مافی خەڵك لە ئازادی رادەربڕین و رێز هەبێ،ئەوەش بە هەڵبژاردن نەبێ بەدەست نایەت."
 

09:30

سەلاحەدین بەهائەدین: پشتگیریی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەنگی دا
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەنگی دا
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەنگی دا. دواتر لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو دا، هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق روونکردەوە.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پیرۆزبایی لە خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق کرد بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بە "چارەنووسساز و گرنگ" ناویبرد و هیوای خواست پرۆسەیەکی بێگەرد و ئارام بێت و ببێتە مایەی نەمانی ناکۆکییەکان.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەڵاحەدین بەهائەدین جەختی لەسەر هەڵوێستی پێشووی حیزبەکەی کردەوە و رایگەیاند، "ئەوەی بڕیارمان داوە، بەشدارینەکردنە لە کابینەی نوێ و تاوەکو ئێستا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە."
ئەمینداری یەکگرتوو پشتگیریی خۆی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی، "بێگومان، لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانین."
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، سەلاحەدین بەهائەدین گوتی، ئەم پرسە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و گوتی، "بەشداریکردن لە حکومەت وەستاوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەو کورسیانەی بەدەستی دەهێنین و چۆن دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆچوونێکی وا هەیە بەشداری بکەین."

09:15

سێ ئاگاداری بەپەلە لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ دەنگدەران

رووداو
 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگادارییەکی بۆ دەنگدەران بڵاوکردەوە و سێ داواکاری لە دەنگدەران هەیە. 
 
داواکارییەکانی کۆمیسیۆن لە دەنگدەران:
 
1- تکایە کەس دوو جار قەڵەمی دەنگدان نەخاتە سەر کاخەز، ئەگەر نا دەنگەکەی دەسووتێت( یەک جار کاڵ بوو کێشەی نیە ناسووتێت، بەڵام تۆخت کردەوە سووتاوە) داوای گۆرینی کاخەزەکە بکە.
 
2- پەنجەمۆرەکەی نابێت بەر کاخەزی دەنگدانەکە بکەوێت.
 
3- بە هیچ شێوەیەک کاخەزەکە نەنوشتێننەوە.

 

 

09:01

سوودانی: هەڵبژاردن لە دۆخێکی سەقامگیر و ئازادانە بەڕێوەدەچێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: ''هەڵبژاردن لە دۆخێکی سەقامگیر و ئازادانە بەڕێوەدەچێت و رژدبووین لەسەر بەشداریی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە بێگەردی پرۆسەکە.''
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دوای بەشداریکردنی لە دەنگدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: ''ئەم هەڵبژاردنە کە لە وادەی دەستووری خۆیدا بەڕێوەدەچێت، جەختکردنەوەیە لە پەیڕەوکردنی پرۆسەی دیموکراسی و ئاشتییانەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە خەڵک ئازادانە نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێ.''
 
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد: ''ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ عێراقییەکان و نیشاندانی پابەندبوونی گەلە بە پرۆسەی دیموکراسی و رێزگرتن لە دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرچاوەی یاسادانانە.''
 
سوودانی گوتی، هەڵبژاردن لە دۆخێکی سەقامگیر و ئازادانە بەڕێوەدەچێت و ستایشی هێزە ئەمنییەکانیشی کرد بۆ پاراستنی تەواوی پرۆسەکە و ئارامی و ئاسایشی عێراق.
 
 

08:59

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بۆ رووداو: بایەخ بە پرۆسەی هەڵبژاردنی شەفاف و گشتگیر دەدەین

رووداو
وەزارەتەکانی دەرەوەی سوێد و هۆڵەندا باس لە بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ وڵاتەکە و ناوچەکە دەکەن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ''هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پیشاندەری هەنگاوێکی گرنگە، وەک شەشەم هەڵبژاردن لە عێراق لە ساڵی 2003ـوە''. 
 
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت: ''هۆڵەندا بایەخی زۆر بە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی ئاشتییانە دەدات کە لەباربێ بۆ هەڵبژاردنی متمانەپێکراو، گشتگیر و شەفاف و پابەند بێت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت''. 
 
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵبژاردن پرسێکی نێوخۆییە بۆ "گەلی عێراق و هۆڵەندا ناتوانێت ئەنجامەکەی بخەمڵێنێت". 
 
وەزارەتی دەرەوەی سوێدیش هەڵبژاردنەکەی بە گرنگ ناوبرد و بە رووداوی راگەیاند: ''بە بایەخەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین؛'' گوتیشی: ''هیوادارین حکومەتی داهاتوو بەردەوام بێت لە پێشخستنی گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە و رێزگرتن لە بنەما دیموکراسیەکان''. 
 

08:56

محەممەد حاجی مەحموود: یاسای ئێستای هەڵبژاردن کێشی دەنگی کوردی کەمکردووەتەوە

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دوای دەنگدانی لە یەکێک لە بنکەکانی شاری سلێمانی رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کوردستان گرنگە، بەڵام رەخنەی لە یاسای هەڵبژاردن گرت و بە هۆکاری کەمکردنەوەی کورسییەکانی کوردی لە بەغدا زانی.
 
محەممەد حاجی مەحموود داوای لە هاونیشتمانییان کرد، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، چونکە ئەم هەڵبژاردنە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ "راگرتنی باڵانس لە پەرلەمانی عێراق."
 
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رەخنەی لە سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن گرت و گوتی، "بەداخەوە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ عێراق دروست بووە. بۆ نموونە، لە بەسرە بە 2000 دەنگ کورسییەک بەدەست دێت، بەڵام لە کوردستان بە 50 هەزار دەنگ بەدەست دێت."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕینی عێراق لە یەک بازنەوە بۆ چەندین بازنەی بچووک، زیانی بە کورد گەیاندووە، "پێشتر عێراق یەک بازنە بوو و لە کۆی 275 کورسی، کورد 75 بۆ 80 کورسیی هەبوو، بەڵام ئێستا لە کۆی 329 کورسی، تەنیا نزیکەی 60 کورسیی هەیە، لە کاتێکدا ئەگەر هەر یەک بازنە بوایە، کورد دەبوو 85 بۆ 90 کورسی هەبووایە."
 
سکرتێری ئەو حیزبە گوتیشی، هەوڵ دەدەن لە داهاتوودا کار لەسەر گۆڕینی ئەم یاسایە بکەن، هیوای خواست پەرلەمانی کوردستانیش کارابکرێتەوە بۆئەوەی ئەو بڕیارانەی بەغدا کە دژی کورد و کوردستانن، هەڵبوەشێنێتەوە.
 

08:43

پارێزگاری هەڵەبجە لە سلێمانی دەنگی دا و پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پارێزگاکەی کرد

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە
 
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراقدا، لە سلێمانی دەنگی دا و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە کرد و داوای کرد بچن بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان.
 
پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دوو هێندە و سێ هێندەی ناوچەکانی دیکە گرنگە، "ئەگەر بۆ کوردستان جارێک گرنگ بێت، بۆ هەڵەبجە دوو جار و سێ جار گرنگترە." هۆکاری ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەڵەبجە وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق، دوای ئەم هەڵبژاردنە راستەوخۆ دەست دەکات بە وەرگرتنی مافە دارایی و کارگێڕییەکانی، بۆیە پێویستی بە نوێنەری بەهێز و داکۆکیکارە لە بەغدا.
 
نوخشە ناسیح داوای لە سەرجەم دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە کرد، بە زووترین کات بچن بۆ دەنگدان، "ئێمە وەک ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە، پێویستمان بە نوێنەری داکۆکیکارە لە بەغدا."
 
هەڵەبجە لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ سلێمانی یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت. پێشتر هەوڵدراوە هەڵەبجە ببێتە بازنەیەکی سەربەخۆ، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی رێکارەکانی بوون بە پارێزگا لەسەر ئاستی فیدراڵی، ئەم هەنگاوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەری نەگرت.
 

08:39

لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن: رێگری نییە بۆ هاتووچۆی خەڵک و بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە

شەقامێکی هەولێر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن. وێنە: رووداو
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دڵنیایی دەدات هیچ رێگرییەک نییە بۆ هاتووچۆی خەڵك لەکاتی دەنگدانی گشتیدا، بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت رێگری لە کەس بکرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەدا.
 
فەریق روکنی یەکەم د. قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆی رێکارە ئەمنی و لۆجیستییەکان بۆ پاراستنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی تەواو کراون، سەرجەم ئامێر و پێداویستییەکانی دەنگدان گەیێندراونەتە بنکە و وێستگەکان."
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن دەڵێت، "هیچ رێگرییەک بۆ هاتووچۆی خەڵك رێگەپێدراو نییە، سەرجەم بازگەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ جۆرێک رێگری لە هاتووچۆ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو ناوچە فیدراڵییەکان و ناوچەکانی جێگەبایەخی هاوبەش بکرێت."
 
دڵنیاییشی دا، لە سەرجەم پارێزگاکاندا هاتووچۆی خەڵك ئاسایی دەبێت و هیچ رێگری و قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتی هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دەنگدانی تایبەتدا لە چەند ناوچەیەک دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانیان تۆمار کردووە.
 
بەڵام قەیس مەحمەداوی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ شتێکی لەو شێوەیە نەبووە، رێگە بە هیچ کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان نادرێت بچنە وێستگەکانی دەنگدانەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
بەرپرسەکەی عێراق پلانی دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان رووندەکاتەوە و دەڵێت، "پلانمان وایە لە ماوەی 14 بۆ 18 کاژێر لەدوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، میمۆریی سەرجەم بنکەکان بگەیێندرێنە بەغدا و دوانیوەڕۆی رۆژی 12ی مانگ، حاڵەتی ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکان کۆتایی دێت."
 
رۆژی یەکشەممە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ سێشەممەش دەنگدانی گشتی دەکرێت.
 

08:38

ئامێری دەنگدانی یەدەگ لە بنکەکانی دەنگدان دانراون

ئامێرێکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
لەکاتی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؛ فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە تەواو بوون. جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆن ئامێری یەدەگی دابین کردووە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان دا.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێری یەدەگی ئامادە کردووە تاوەکو لە ئەگەری لەکارکەوتنی هەر ئامێرێکی دەنگدان، بە خێرایی بگۆڕدرێت و کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتی دەنگدەران هەبێت. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت و مافی دەنگدەران نەفەوتێت.
 
لەکاتی دەنگدانی تایبەتیشدا، لە یەکێک لە بنکەکان کێشەیەکی تەکنیکی لە یەکێک لە ئامێرەکان روویدا و تیمەکانی کۆمیسیۆن دەستبەجێ ئامێرێکی نوێیان هێنا و کێشەکەیان چارەسەر کرد.
 
ژمارەی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ملیۆنێک و دوو هەزار و 87کەس مافی دەنگدانیان هەیە. پرۆسەکە لە 528 بنکەی دەنگدان و 2003 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
 
لە کاژێر 5:30ی بەیانییەوە کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان لە بنکەکان ئامادە بوون.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، بەرپرسی یەکێک لە بنکەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک کارتی دەنگدان کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 2017، 2018، 2023 و 2024 دەگەڕێنەوە، هێشتا لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار پەیوەندییان پێوە کراوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، سەردانی بنکەکانی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان بکەن، کارتی خۆیان وەربگرنەوە و بەشداری لە دەنگداندا بکەن. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەو کەسانەی تا ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە تا مافی دەنگدانیان لەدەست نەچێت.
 

08:29

نووری مالیکی، قەیس خەزعەلی و عادل عەبدولمەهدی دەنگیان دا

مالیکی و خەزعەلی پێکەوە دەنگ دەدەن. وێنە: AFP
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکەوە دەنگیان دا.
 
مالیکی، خەزعەلی و عەبدولمەهدی لە وێستگەی دەنگدانی تایبەت بە کەسایەتییە دیارەکان لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، کە بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکرابوو، دەنگیان دا.
 
مالیکی سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکەیەتى لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی عێراق، کە لیستێکی شیعەیە.
 

08:26

مەسرور بارزانی: هیوادارم هەموو هاووڵاتییان ئەمڕۆ بێن و دەنگی خۆیان بدەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی دەنگدان لە پیرمام دەنگی دا و گوتی، "هیوادارم هەموو هاووڵاتییان بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بدەن."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "هیوادارم خەڵکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بنێرنە بەغدا".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: هەڵبژاردنێکی گرنگە و بڕیاری خەڵک رێڕەو و شێوازی حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات. 
 

08:11

پارێزگاری دهۆک بۆ هاونیشتمانییان: دەنگدانتان پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
 
پارێزگاری دهۆک داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بچن بۆ دەنگدان و دەڵێت، "دەنگدان زامنکردنی دەستکەوتەکانی کوردە لە عێراق."
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە، لەکاتی نۆرەگرتنی بۆ دەنگدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین دەنگ بدەن، بەتایبەت ئەوانەی یەکەم جاریانە."
 
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، "دەنگدان ئەرکێکە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق."
 
د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە، چونکە هەر مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، لە پەرلەمان و بەغداوەیە، بۆیە چوون بۆ دەنگدان زۆر گرنگە."
 
پارێزگاری دهۆک داوای لە هاونیشتمانییان کرد، "زوو بچن بۆ دەنگدان گرنگە، چونکە ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت ئەوە دەتوانن چارەسەری بکەن، بەڵام بکەونە ئێوارە و قەرەباڵخییەوە کێشەیان بۆ دروست ببێت، ناتوانن چارەسەری بکەن."
 
ئەمڕۆ لە عێراق و باشووری کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 

08:10

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەنگیدا و رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی عێراق."
 
لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی دەنگیدا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "گرنگە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ عێراق."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هەرێمی کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت".
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، " گفتوگۆ لەگەڵ هیچ کەس رەتناکەینەوە".
 
لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە."
 

 

07:20

بەرپرسانی باڵای عێراق لە دوو بنکەی سەرەکیی بەغدا دەنگ دەدەن

 
بەگوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، بەرپرسە باڵاکانی عێراق لە دوو بنکەی سەرەکیی تایبەت (ڤی ئای پی) دەنگ دەدەن، یەکێکیان لە هۆتێل رەشید و ئەوی دیکەیان لە قوتابخانەی (وەتەن)ە لە ناوچەی سەوز.
 
پەیامنێری رووداو لە قوتابخانەی (وەتەن) بوو و رایگەیاند، بڕیارە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا لەو بنکەیە دەنگی خۆی بدات. سوودانی لە هەڵبژاردنی پێشووشدا هەر لە هەمان قوتابخانە دەنگی دابوو.
 
بنکەی قوتابخانەی وەتەن دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا و نزیکەی دوو هەزار کەس مافی دەنگدانی تێدا هەیە. بەهۆی هەستیاریی شوێنەکەوە، هێزێکی ئەمنیی زۆر تووند لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێکراوە و رێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر.
 
بەشێکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق لە بنکەی دەنگدانی هۆتێل رەشید دەنگ دەدەن، ئەمەش بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی دەنگدانی ڤی ئای پی دادەنرێت.
 
بەغدا بە چەقی ململانێی هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنرێت، بۆیە زۆربەی کەسایەتییە دیارەکان و سەرۆکی حیزبەکان، تەنانەت ئەوانەی خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیشن، لە بەغدا دەنگ دەدەن. ئەمەش بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووانی پایتەختەوەیە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیاتر لە 10 ملیۆن کەسە، بەدەستهێنانی دەنگی زۆر لەم شارەدا بۆ لایەنەکان گرنگییەکی ستراتیجیی هەبێت.
 
جیاوازییەکیش لە نێوان ناوچە جیاوازەکانی بەغدادا بەدی دەکرێت، لە کاتێکدا ناوچە میللییەکان لە بەیانیی زووەوە جموجۆڵیان تێدەکەوێت و هاووڵاتییان بە پەرۆشەوە دەچن بۆ دەنگدان، بنکەکانی وەک قوتابخانەی (وەتەن) لە ناوچەی سەوز، قەرەباڵخییەکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت.
 

00:02

کۆمیسیۆن: 10 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە

کۆمیسیۆن: 10 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە
لە 27 بنکەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئامێرەکان کێشەیان هەبووە، کۆمیسیۆن دەڵێ کێشەکان چارەسەر کراوە و ئێستا هەموو ئامێرەکان کار دەکەن و هێشتا 10 هەزار کارتی دەنگدانیش وەرنەگیراونەتەوە.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "هێشتا 10 هەزار کارتی دەنگدان  لە سێ پارێزگای سلێمانی، دهۆک، هەولێر وەرنەگیراونەتەوە و، بەردەوامین لە دابەشکردنیان و دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان لەکاتی دەنگداندا وەربگرنەوە.'' 
 
"پرۆسەکە تاوەکو ئێستا سەرکەتووە، هەموو ئامێرەکانمان کاردەکەن و کێشەمان نییە."
 
نەبەرد عومەر دەڵێت : "لە سەرەتای پرۆسەکە لە 27 بنکە بەشێکی وێستگەکانی دەنگدان کێشەیان هەبوو، بەڵام ئەویش چارەسەرکراوە و ئێستا هەموو بنکەکان ئامێرەکان تێیاندا کاردەکەن."
 
 بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن روونکردنەوە دەدات لەبارەی دەنگی پووچەڵ و دەڵێت : "پەنجەمۆر بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی پووچەڵبوونەوەی دەنگ، ئەو دەنگە پووچەڵانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون، پەیوەستن بە خودی دەنگدەرانەوە.'' 

07:00

دەنگدان کۆتاییهات و ئەنجامەکان بزانن

نۆرەگرتنی خەڵک بۆ دەنگدان لە بنکەیەکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
رووداو دیجیتاڵ 

کاژێر 07:00ـی بەیانی رۆژی سێشەممە بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد،زیاتر لە 20 ملیۆن و 90 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن.
 
دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 11 کاژێر بەردەوام دەبێ، بنکەکان لە کاژێر 7:00 تاوەکو کاژێر 18:00ـی کراوە دەبن،دوای ئەو کاژێرە ئامێرەکان خۆکارانە دەوەستن و پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت.
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 20 ملیۆن و 90 هەزار و 311 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەرچەندە زیاتر لە 29 ملیۆن کەس لە عێراق لەتەمەنی دەنگداندان، بەڵام تەنیا 21.3 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە کە مەرجی بەشدارییە لەو هەڵبژاردنەدا.
 
دەنگدان لە 18 بازنە دەبێت،15 بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق و سێ بازنە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو بازنەکان 8 هەزار و 703 بنکە دەکرێنەوە، لەنێو بنکەکاندا بە کۆی گشتی 39 هەزار و 285 وێستگە دانراون.
 
ژمارەی دەنگدەرانی سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 68 هەزار و 411 دەنگدەرن، کە دەکاتە 14.3%ی کۆی دەنگدەرانی عێراق، بەمشێوەیە ٪85.7ـی دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکێشەلەسەرەکانن و ٪14.3ـی دەنگدەرانیش لە هەرێمی کوردستانن.
 
 هەڵبژاردنەکە فرەبازنەییە، لە هەر بازنەیەکدا بەربژێران رکابەری لەسەر کورسییەکانی پارێزگاکە دەکەن، هەرێمی کوردستان خاوەنی 46 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق لە سێ بازنەدا،بەڵام دەنگدەری کورد لە پارێزگای دیکەش هەن بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە بازنەکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە، هەروەها دەنگدەری کوردی فەیلی لە بەغدا و لە واسیتیش ، بە کۆی گشتی رکابەرییەکە لەسەر 329 کورسییە، 83 کورسی بۆ ژنان،9 کورسی بۆ پێکهاتەکان، 5 کریستیان، هەریەکە لە کوردانی ئێزدی، شەبەک،فەیلی کورسییەک و سابیئەی مەندائیش کورسییەکیان بۆ دانراوە .
 
دەنگدانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حیزبەکان 
 
هاوشێوەی هەموو دەنگدەرێک سەرۆک و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکی حیزب و لیستە جیاوازەکان بەشداری دەنگدان دەکەن، هەریەکێکیان دەبێ لە بازنەکەی خۆی دەنگ بدات،سەرۆک بارزانی بڕیارە لە پیرمام لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگ بدات، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە هۆتێل رۆتانا دەنگدەدات، مەسرور بارزانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە پیرمام دەنگ دەدات .
بازنەی دەنگدانی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانییە،بۆیە بڕیارە لە قوتابخانەی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگ بدات، وادانراوە کاژێر 7:00 بەشداری دەنگدان بکات، قوباد تاڵەبانیش بە هەمان شێوە لە سلێمانی و لە قوتابخانەی رەوشەن بەدرخان دەنگ دەدات .
 
سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیارە کاژێر 8:15 ـی خولەکی بەیانی لە قوتابخانەی سابڵاخ لە سلێمانی دەنگ بدات،بازنەی دەنگدانی ئەمینداری یەکگرتوو لە سلێمانییە و لەوێوە بەشداری پرۆسەکە دەکات،پێچەوانەی عەلی باپیر کە بازنەی دەنگدانی لە هەولێرە،ئەمیری کۆمەڵی دادگەری بڕیارە لە قوتابخانەی ژیلوانی بنەڕەتی لە هەولێر بەشداری دەنگدان بکات.
 
هەروەها بڕیارە عەلی حەمە ساڵح کاژێر 10:00 لە قوتابخانەی رەوەندی بنەڕەتی لە هەولێر دەنگ بدات.
 
حیزبەکانی کوردستان رکابەری لەسەر کورسی دەکەن،سەرۆکی حیزبەکانیش لە بەیانی زوودا بەشداردەبن و دەیانەوێت خەڵک بەشدارییەکی کارای هەبێ لە هەڵبژاردندا، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا سەرۆکی سێ حیزب ناتوانن دەنگ بدەن.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ؛ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی مافی دەنگدانیان نییە." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سندوقەکانی دەنگدان جووڵاو نین و زیندانیان مافی دەنگدانیان نییە .
 
هەروەها عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "یاسا رێگری لە دەنگدانی زیندانییەکان کردووە و کارەکە لە دەستی ئێمەدا نییە."
 
جیا لەوانە، 2 هەزار و 128 سزادراو، کە حوکمەکانیان کەمتر لە پێنج ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مافی دەنگدانی پێنەداون.
 
ئەوانەی یەکەمجارە بەشداری دەنگدان دەکەن
 
لە کۆی 1.8 ملیۆن کەس لە لەدایکبووانی ساڵانی 2006 و 2007 لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، 786,300 کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرکردووە و رێگەیان پێ دەدرێت دەنگ بدەن، کە دەکاتە 41.4%ی کۆی گشتیی لەدایکبووانی ئەو دوو ساڵە.
 
لە هەرێمی کوردستان، 58.8%ی ئەو کەسانەی لەو دوو ساڵەدا لەدایکبوون دەتوانن دەنگ بدەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 211,000 کەسە.
 
لەدایکبووانى 2006 لە هەولێر 39 هەزار و 251 کەسن، 25 هەزار و دوو کەسیان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 63.69%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە.
 
لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە هەولێر 39 هەزار و 984 کەسن، 21 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 53.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە و دەتوانن دەنگ بدەن.
 
لە پارێزگاى سلێمانى لەدایکبووانى 2006 گەیشتووەتە 36 هەزار و 349 کەس، 21 هەزار و 787 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەوپێیە 59.9%یان دەتوانن دەنگ بدەن، لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە سلێمانى 38 هەزار و 475 کەسن، بەڵام 16 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە کە دەتوانن دەنگ بدەن، بەوپێیە 42.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە دەتوانن دەنگ بدەن.
 
ژمارەى لەدایکبووانى ساڵى 2006 لە دهۆک گەیشتووەتە 28 هەزار و 788 کەس، 21 هەزار و 75 یان کارتى دەنگدانیان هەیە، بەو پێیە 73.2%یان دەتوانن دەنگ بدەن، هەرچى ئەوانەن کە لە ساڵى 2007 لە دهۆک لەدایک بوون گەیشتووەتە 29 هەزار و 14 کەس، لەو ژمارەیە 19 هەزار و 255 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە، بەو پێیە 66.3%یان دەتوانن دەنگ بدەن.
 
شێوازی دەنگدان و رێکارەکانی
 
دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
 
پێویستە دەنگدەر هەردوو کارتی بایۆمەتری و نیشتمانیی پێ بێت. لەسەر کارتی بایۆمەتریی دەنگدان ناوی ناوەندی دەنگدانەکە نووسراوە و لە دیوەکەی دیکەی کارتەکەشدا ژمارەی وێستگەی دەنگدان تۆمار کراوە.
 
دوای ئەوەی دەنگدەر دەچێتە ئەو وێستگەیەی دەنگی لێ دەدات، کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەکەی پێشکێشی فەرمانبەری سەر سندووقەکان دەکات، فەرمانبەرەکە کارتەکە دەخاتە نێو ئامێرەکەوە و دواتر ئامێرەکە داوای پەنجەمۆر دەکات بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارت و ئامێرەکەدا تۆمار کراوە. ئەگەر پەنجەمۆرەکە هاوتا نەبوو، 10 جار هەوڵ دەدرێتەوە. ئەگەر هێشتا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا کۆمیسیۆن کامێرایەکی تایبەتی لەسەر ئامێرەکە داناوە بۆ وێنەگرتنی رووخساری دەنگدەرەکە و بەراوردکردنی زانیارییەکانی لەگەڵ وێنەی سەر کارتەکە. دواتر لە رێگەی فۆڕمی دەنگدانەوە، دەنگدەر لیست و بەربژێری دڵخوازی خۆی هەڵدەبژێرێت.
 
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە:" ئەگەر 33%ی مۆری دەنگدان بکەوێتە نێو خانەی دیاریکراو، ئامێرەکان دەنگەکە هەژمار دەکەن و پووچەڵ نابێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بێت، پووچەڵ دەبێتەوە.
 
دەنگی دەنگدەران بە نهێنی دەمێنێتەوە
 
 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نهێنی دەمێنێتەوە و تەنانەت کۆمسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
 
 پرۆسەی دەنگدان و ئامێرەکان بە شێوەیەک داڕێژراون کە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دەنگدەر لەخۆ ناگرن، بەڵکو تەنیا دەنگەکەی هەژمار دەکرێت.
 
لە بنکەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، رێگە بە دەنگدەران نادرێت مۆبایل ببەنە ژوورەوە و وێنەی کارتی دەنگەکانیان بگرن،دوای دەنگدانیش هەموو وێستگەکان دەبرێنە لقی کۆمیسیۆن لە هەر پارێزگایەک .
 
کارمەندانی سەر سندووق وەک یەکەم کەس دەنگ دەدەن
 
جگە لەو کارمەندانەی لە رێگەی لینکێکەوە ناویان وەکو چاودێری سەر سندووقەکان گەڕابووەوە، لایەنە سیاسییەکانیش چاودێری خۆیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار کردووە. هەر حیزبێک دەتوانێت نزیکەی 6 چاودێر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار بکات.
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 235 هەزار کەس وەکو کارمەندی سەر سندووق دیاری کرابوون، کە 34 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کارمەندێکی سەر سندووق نایتوانی لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بدات، هەموویان دەبێت بەیانی رۆژی سێشەممە  لە نێوان کاژێر 07:00 تاوەکو 08:00 دەنگ بدەن".
 
لە پارێزگای هەولێر 12 هەزار و 339 کارمەند، لە پارێزگای سلێمانی 13 هەزار و 340 کارمەند و لە پارێزگای دهۆکیش 8 هەزار و 256 کارمەندی سەر سندووق هەن.
 
هاوکات بە گوتەی بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە سنووری زاخۆ بۆ رووداو، لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، هەروەها هەرێمی کوردستان و تورکیا ئاسایی دەبێت.
 
کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان و تانەلێدان
 
کۆمیسیۆن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گۆڕانکاریی لە پێدانەوەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەکان بە چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان کردووە و بریکاری لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە رێگەی بارکۆدێکی تایبەتەوە ئەنجامەکانی دەنگدانی هەر وێستگەیەک وەربگرنەوە. لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی بەراییی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت، بەڵام تانە لە ئەنجامە بەرایییەکان نادرێن، دواتریش ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی پێکەوە رادەگەیێندرێت.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆن ئەپلیکەیشنێکی چالاک کردووە کە دەنگدەران دەتوانن لەو رێگەیەوە بزانن لە کوێ دەنگ دەدەن و کارتەکەیان چالاکە یان نا؛ ئەنجامەکانی دەنگدانیش لەو ئەپلیکەیشنەدا دیار دەبن. ئەم ئەپلیکەیشنە بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و IOS ئامادە کراوە.
 
24 کاژێر دوای دەنگدانی گشتی، ئەنجامی بەرایی فەرمی رادەگەیێنرێت ، دوای ئەنجامی فەرمی کۆتایی سێ رۆژیان لەبەردەستە و دەتوانن تانە لە ئەنجامەکان بدەن. دوای تانەکان، دەستەی دادوەری، کە لە سێ دادوەر پێکدێت، بڕیار لەبارەی تانەکان دەدات. ئەگەر دەستەکە تانەکانی رەتکردەوە و واژۆی لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کرد، ئەوا ئەنجامەکان قبووڵ دەکرێن و هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوو ناودەبرێت و بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە.