رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق راپۆرتی نیوڕۆژی دەنگدانی گشتی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە کەرکووک رێژەی دەنگدان تەنیا 28.85%ـە.
بەپێی ئامارەکەی کۆمیسیۆن تاوەکو نیوەڕۆ، 4 ملیۆن و 795 هەزار و 685 کەس دەنگیان داوە، کە دەکاتە 23.9%ـی کۆی ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
بەپێی راپۆرتەکە، لە هەولێر تاوەکو نیوەڕۆ 289 هەزار و 892 کەس دەنگیان داوە، دەکاتە 28.93%ـی کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدا لە هەولێر ملیۆنێک و 20 هەزار و 87 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە سلێمانی لە کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و ژمارەیان ملیۆنێک و 119 هەزار و 111 دەنگدەرن، تەنیا 278 هەزار و 480 کەس دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیە دەکاتە 24.88%ـی کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە.
لە دهۆکیش 197 هەزار و 808 کەس دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیە تەنیا 27.36%ـی دەنگدەرانی دهۆکە و پارێزگاکە بە کۆی گشتی 722 هەزار و 853 دەنگدەری هەیە.
سەبارەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە کەرکووک 258 هەزار و 823 کەس تاوەکو نیوەڕۆ دەنگیانداوە، واتە تەنیا رێژەی28.85%ـی دەنگدەرانی پارێزگاکە، کەرکووک 897 هەزار و 30 دەنگدەری هەیە.
لە نەینەوا ئامارەکە کەمێک بەرزترە، لەو پارێزگایە 603 هەزار و 949 کەس دەنگیان داوە، دەکاتە 30.67%ــی دەنگدەران، پارێزگاکە ملیۆنێک و 969 هەزار و 179 دەنگدەری هەیە.
لە سەڵاحەدین رێژەی دەنگدان لە نەینەوا بەرزترە، لە کۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و 808 هەزار کەس زیاترن،تەنیا 255 هەزار و 74 کەس دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیە دەکاتە31.57%ـی کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە.
بەغدا وەکو گەورەترین بازنەی عێراق لەرووی ژمارەی کورسییەوە دەنگدان تێیدا کەمە، لە کۆی ژمارەی دەنگدەران لەو پارێزگایە تەنیا ٪20.6ـی دەنگدەران دەنگیان داوە، تاوەکو نیوەڕۆ لە بەغدا 824 هەزار و 180 کەس دەنگیانداوە، پارێزگاکە بە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگدەری هەیە .
کەمترین رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیدا لە میسان تۆمارکراوە، پارێزگاکە 572 هەزار و 778 دەنگدەری هەیە، بەڵام تەنیا 95 هەزار و 241 کەس دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیە دەکاتە 16.63%ـی دەنگدەرانی پارێزگاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ