ئامێری دەنگدانی یەدەگ لە بنکەکانی دەنگدان دانراون
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؛ فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە تەواو بوون. جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆن ئامێری یەدەگی دابین کردووە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان دا.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێری یەدەگی ئامادە کردووە تاوەکو لە ئەگەری لەکارکەوتنی هەر ئامێرێکی دەنگدان، بە خێرایی بگۆڕدرێت و کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتی دەنگدەران هەبێت. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت و مافی دەنگدەران نەفەوتێت.
لەکاتی دەنگدانی تایبەتیشدا، لە یەکێک لە بنکەکان کێشەیەکی تەکنیکی لە یەکێک لە ئامێرەکان روویدا و تیمەکانی کۆمیسیۆن دەستبەجێ ئامێرێکی نوێیان هێنا و کێشەکەیان چارەسەر کرد.
ژمارەی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ملیۆنێک و دوو هەزار و 87کەس مافی دەنگدانیان هەیە. پرۆسەکە لە 528 بنکەی دەنگدان و 2003 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
لە کاژێر 5:30ی بەیانییەوە کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان لە بنکەکان ئامادە بوون.
بەشێک لە هاونیشتمانییان کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، بەرپرسی یەکێک لە بنکەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک کارتی دەنگدان کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 2017، 2018، 2023 و 2024 دەگەڕێنەوە، هێشتا لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار پەیوەندییان پێوە کراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، سەردانی بنکەکانی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان بکەن، کارتی خۆیان وەربگرنەوە و بەشداری لە دەنگداندا بکەن. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەو کەسانەی تا ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە تا مافی دەنگدانیان لەدەست نەچێت.