سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات لە ماوەی 48 کاژێر ئامادەی جیهاد بن

11-12-2014
کاروان وەلی
نیشانەکردن موقتەدا سەدر ، جیهاد
A+ A-

رووداو- نەجەف


موقتەدا سەدر، سەركردەی ئایینی رەوتی سەدر، "بانگەوازی جیهاد" بۆ چەكدارەكانی لە شاری سامەڕا دەردەكات و داوایان لێدەكات تاوەکو 48 كاژێری داهاتوو بەتەواوی لەئامادەباشیدابن.

لە بەیاننامەیەكدا، كە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2014 بڵاوکرایەوە، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر بە ئیمزای یاریدەدەری كاروباری جیهادیی موقتەدا سەدر (ئەبو دوعا عیساوی) پێوەیە، هاتووە، "بە لەبەر چاوگرتنی ئەو بارە تایبەتییە و ئەو مەترسییانەی لەسەر شاری سامەڕای پیرۆز بەهۆی تیرۆرست و تەكفیرییەكانەوە دروستبووە، سەماحەتی موقتەدا سەدر فەرمان بە چەكدارانی (سەرایا ئەلسەلام) دەكات، كە لە ماوەی 48 كاژێردا لە ئامادەباشی تەواوبن و چاوەڕێی دەركردنی بانگەوازی جیهادكردن بن لە هەر كاتێكدا".

ئەم بانگەوازەی سەدر دوای ئەوە دێت، كە چەند رۆژێكە چەكدارانی داعش چالاكییەكانیان لە دەوروبەری شاری سامەڕا چڕكردووەتەوە و توانیویانە شارەدێی ئەلموعتەسەمی نزیك لە سەنتەری ئەو شارە كۆنتڕۆل بكەن و مەترسی بخەنە سەر ئەو شارە، كە گۆڕی هەردوو ئیمامی عەسكەری شیعە مەزهەبەکانی تێدایە.

پێشتر چەكدارانی سەدر كە بە سەرایا ئەلسەلام ناسرابوون، شەڕی چەكدارانی داعشیان لە دەوروبەری ئەو شارە دەكرد، بەڵام دواتر سەركردەی رەوتی سەدر چەكدارەكانی كێشایەوەو ئەركی پاراستنی شارەكەی بە هێزە ئەمنییەكان راسپارد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە