لە میسان پیاوێک بە تۆمەتی خنکاندنی ژنەکەی دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگاى میسان پیاوێکی دەستگیرکرد بە تۆمەتى ئەوەى ژنەکەى لە خەودا خنکاندووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر پیاوەکە بە پۆلیسی راگەیاندبوو، هاوژینەکەی لە خەودا گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی 12ـی کانوونى دووەمى 2023، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاى میسان رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە ماڵەکەى خۆیدا هاوژینەکەى لە خەودا خنکاندووە.
 
بە گوێرەى پۆلیسی میسان ئەو پیاوە لە دواى گیانلەدەستدانى هاوژینەکەى تەرمەکەى بردووەتە نەخۆشخانەى سەدر لە میسان، لەکاتى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە گوتوویەتی، هاوژینەکەى لە خەودا گیانى لەدەستداوە، لەسەر ئەوبنەمایەش ئازادکراوە. 
 
پۆلیسی شارەکە ئاماژەى بەوەداوە دواتر لێکۆڵینەوەى چڕ کراوە لەبارەى هۆکاری رووداوەکە و تیمى لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە چەند سەرەداوێک، کە دەیسەلمێنێت هاوژینەکەى تێوەگلاوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە راپۆرتى دادپزیشکى کە دەڵێت، هۆکارى مردنى ئەو ژنە ناسروشتى بووە و خنکێندراوە و بەهۆیەوە مێردەکەى دەستگیرکراوە.