بزووتنەوەی نوجەبا زانیاریی نوێ لەبارەی ئەبو تەقوا بڵاودەکاتەوە

12-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زانیاریی نوێ لەبارەی حاجی ئەبو تەقوا بڵاودەبێتەوە، کە سەرەتای ئەم ساڵ لە بۆردوومانێکی ئاسمانی ئەمریکا کوژرا و بە کەسێکی نزیک لە ئەبوو مەهدی موهەندیس ناسێندرا.
 
بزووتنەوەکە دان بەوەدا دەنێت کە ئەو کەسە دەستی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا هەبووە.
 
بەپێی ئەو ئینفۆگرافیکەی لە بارەی ئەبو تەقوا سعێدی بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسە ناوی تەواوی موشتاق جەواد کازم سعێدییە و ساڵی 1975 لە بە‌غدا لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی ئیسلامیدا هەبووە.
 
ئەبو تەقوا سعێدی لە ساڵی 1997 پەیوەندی بە بزووتنەوەی محەممەد سادق سەدرەوە کردووە. لە (2004- 2012) سەرۆکایەتی گرووپێکی چەکداری کردووە لە دژی هێزەکانی ئەمریکا. وەکو فەرماندەی هێز بەشداری شەڕی سووریای کردووە.
 
بەگوتەی نوجەبا، ئەبو تەقوا سعێدی بەشداری لە شەڕەکانی پشتێنەی بەغدا لە دژی داعش کردووە، بەشداری لە زۆربەی شەڕەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان کردووە و  نزیک بووە لە ئەبو مەهدی موهەندیس.
 
بەرپرسی سەربازی بووە لە مقاوەمەی ئیسلامی (بزووتنەوەی نوجەبا)، بەرپرس بووە لە هێرشکردنە سەر ئەمریکا دوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی. لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەشداری لە هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق و سووریا کردووە.
 
ئەبو تەقوا سعێدی لە بۆردوومانێکی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا لە 4ی کانوونی دووەمی 2024 کوژرا. 
 
ئەبو تەقوا سعێدی، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی بوو.
 
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
بزووتنەوەی نوجەبا، یەک لیوای لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە کە ژمارە 12یە، ژمارەی چەکدارەکانی زیاتر لە هەزار چەکدار دەبێت، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە