ناوەندی میدیای دیجیتاڵی: بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق 40 ملیۆنی تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین ئامارەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 40 ملیۆن. سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندی میدیای دیجیتاڵی (DMC) لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، وردەکاریی نوێ لەسەر بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکان، ئاستی هۆشیاریی بەکارهێنەران و بۆشاییە یاساییەکان دەخاتە روو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12و شوباتی 2026، موهەننەد حەبیب سەماوی، سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندی میدیای دیجیتاڵیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی KEPIOS، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق گەیشتووەتە 40.1 ملیۆن بەکارهێنەر، ئەمە لەکاتێکدا لە سەرەتای پار ئەو ژمارەیە تەنیا 34.3 ملیۆن بووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی) 46,118,793 ـە.
سەبارەت بە نەخشەی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان، سەماوی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا "تیکتۆک" بەهێزترین و کاریگەرترین ئەپڵیکەیشنە لە عێراق و دەشڵێت، "تیکتۆک بەهۆی شێوازە تایبەتەکەی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کورتەکان، سیستمی دیاریپێدان و پەخشی راستەوخۆ، بووەتە جێی سەرنجی گەنجان و بەکارهێنەران."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو سەرکەوتنەی تیکتۆک لەو بوارانەدا وایکردووە پلاتفۆرمەکانی دیکەش لاسایی مۆدێلەکەی بکەنەوە."
"لە عێراق هۆشیاریی دیجیتاڵی لە ئاستی پێویستدا نییە"
سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندی میدیای دیجیتاڵی باس لەوە دەکات کە گەشەی ژمارەیی لەگەڵ گەشەی هۆشیاری هاوتەریب نییە و دەڵێت، "نەبوونی هۆشیاریی دیجیتاڵی کێشەیەکی جیهانییە، لە عێراق هۆشیارییەکە باشتر بووە، بەڵام هێشتا لەو ئاستەدا نییە کە بەرەنگاری مەترسییەکان ببێتەوە. هێشتا بەکارهێنەران دەکەونە داوی لینکی ساختە، بڵاوکردنەوەی کۆدی پاراستن و کارانەکردنی تایبەتمەندی (Two-Factor Authentication)، کە ئەمانە سەرەتاییترین هەنگاوی پاراستنی نهێنیی کەسین."
سەماوی پێیوایە هۆشیاریی دیجیتاڵی تەنیا بە بڕیاری حکومی نابێت، بەڵکو "پێویستی بە پەروەردە و مەشقێکی بەردەوام هەیە تاوەکو بەکارهێنەر بگاتە ئەو ئاستەی بە گومانەوە سەیری هەر زانیارییەک بکات و پێش بڵاوکردنەوەی لە راست و دروستییەکەی بکۆڵێتەوە."
موهەننەد سەماوی تیشکی خستەسەر مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای نوێ و دەڵێت، "تەکنەلۆژیا زۆر لە یاسا خێراتر گەشە دەکات. ئێستا ژیریی دەستکرد ئاڵنگارییەکی گەورەی وەک 'دیپ فەیک'ی بۆ لاساییکردنەوەی دەنگ و رەنگ دروستکردووە، کە جیاکردنەوەی راستی لە ناڕاست ئەستەم کردووە."
سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندی میدیای دیجیتاڵی جەخت دەکاتەوە کە عێراق 'پێویستییەکی مێژوویی' بە چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ هەیە بۆ:
- پێناسەکردنی زاراوە دیجیتاڵییەکان و دیاریکردنی سنوورەکانیان.
- پاراستنی داتا و تایبەتمەندییەکانی هاووڵاتیان.
- رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا خاوەن پلاتفۆرمەکان سەبارەت بە سڕینەوەی ناوەڕۆک یان بلۆککردن.
- رێکخستنی رێکلامە سیاسییەکان، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر رای گشتی ملیۆنان هاووڵاتی هەیە.