دوو بارەگای حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بەغدا بۆردوومانکران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی چەند بارەگایەکیان لە رۆژئاوای عێراق و دەوروبەری بەغدا لانیکەم 11 چەکداریان کوژراون و 10ی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە بۆردوومانێکدا لە سنووری شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار، 9 چەکداریان کوژران و 10ی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوەیەکیش لە حەشدی شەعبی، کوژرانی دوو چەکداری لە بۆردوومانێکی جیاوازدا لە دەوروبەری بەغدا راگەیاند.
 
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بارەگایەکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیای لە شاری قائیم کردووەتە ئامانج. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە "بارەگاکە بە تەواوەتی وێران بووە و تەنانەت تیمەکانی فریاگوزاریش لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە، کراونەتە ئامانج."
 
هاوکات ئێوارەی پێنجشەممە سەربازگەی سەقەڕ لە باشووری رۆژئاوای بەغدا بۆردوومانکرا، کە بارەگای حەشدی شەعبی، هێزەکانی ناوخۆ و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی تێدایە. سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە رووداوی گوت، سێ چەکداریان لە ئەنجامی بۆردوومانەکە بۆ سەر سەربازگەی سەقەر کوژراون. 
 
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا سەركۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، ئەو بارەگایانەی بۆردوومانکراون "هیچ رۆڵێکیان لە هێرشکردنە سەر بنکەکان لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق نەبووە و ئەو کەسانەی کوژراون خەریکی ئەرکی فەرمیی خۆیان بوون لە پاراستنی سنوورەکانی وڵات."
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشەکەی بە "دەستدرێژییەکی سیستماتیك و دووبارەبووەوە" ناوبرد و گوتی، "ئەمە تەنیا پێشێلکارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی رابردووەوە، چەندین جار بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق بۆردوومان کراون. تاوەکو ئێستاش ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە