وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: ناردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بەتەواوی راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەناردەی کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق وەستاوە و ئێستا هیچ بڕە کارەبایەکیان لە هەرێمی کوردستانەوە پێناگات.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هیچ بڕە کارەبایەک لە هەرێمی کوردستانەوە ناگاتە عێراق و هەناردەکە بڕاوە."
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، پێش جەنگ، حکومەتی عێراق رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 1200 مێگاوات کارەبای لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕی و دەخرایە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان گرێبەستی فەرمی لەگەڵ کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کڕینی وزە، کە لە هەندێک قۆناخدا بڕی کارەبای کڕدراو گەیشتووەتە 1800 مێگاوات، بەڵام لەم دۆخەدا پرۆسەکە بە تەواوی پەکیکەوتووە و ناردنی کارەباکە راگیراوە.