رووداو دیجیتاڵ
ئەسقۆفەکانی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، سەرۆکێکی نوێیان بۆ ئەو کەنیسەیە هەڵبژارد لەبرى لویس ساکۆ کە دەستى لەکار کێشابووەوە. سەرۆکە نوێیەکە خەڵکی ناحیەى ئەلقوشی سنووری پارێزگای نەینەوایە.
یەکشەممە 12ی نیسانی 2026، کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، "مار پۆڵس نۆنا، لەلایەن ئەنجوومەنی ئەسقۆفەکانەوە وەک سەرۆکی کەنیسەکە هەڵبژێردراوە."
ئەو هەڵبژاردنە لە رۆژی 9 تاوەکو 12ی نیسانی 2026 لە شاری رۆمای ئیتاڵیا کراوە.
مەتران حەبیب هورمز، سەرۆکی ئەسقۆفەکانی بەسرە، سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاتریارکیی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
10ی ئاداری 2026، لویس ساکۆ، دەستی لە پۆستی سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کێشایەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 13 ساڵ ئەو پۆستە ئاینییەی بەڕێوەبرد.
مار پۆڵس نۆنا، لە 1ی تشرینی دووەمی 1967 لە ناحیەى ئەلقوشی پارێزگای نەینەوا لەدایکبووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی لاهووت هەیە، لە ساڵی 2010 بۆ 2024 سەرۆکی ئەسقۆفەکانی مووسڵی کەنیسەی کلدانی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ