رووداو- بەغدا
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فرانسوا هۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیان سازكرد.
لە كۆنفڕانسەكەدا عەبادی گوتی، "ژمارەیەكی زۆر چەكدار لە پارێزگا جیاوازەكانی عێراق دژ بە هێزە ئەمنییەكانمان شەڕدەكەن و ژمارەیەكیشمان لێ دەستگیركردوون، كە تۆڕێكی نێودەوڵەتی هەیە هانیان دەدات و دەیاننێرێت بۆ عێراق".
هەروەها گوتی: "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەستی بە مەترسی ئەو چەكدارانە كردووە و ئێستاش لە جەنگێكی دژوارداین، بەڵام ئێمە بۆ ئەو رۆژە تێدەكۆشین كە رۆژی رزگاربوونمانە لەو گرووپە تیرۆریستییە". گوتیشی: "پارەداركردنێكی گەورە هەیە بۆ داعش و ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی لە سووریاوە روو لە عێراق دەكەن، داعش لە هەندێك ناوچە چەند بیرەنەوتێكی كۆنترۆڵكردوون، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆیان".
سەرۆكوەزیرانی عێراق رەخنەی ئەوەیشی گرت، كە لە وڵاتانی ناوچەیی و دراوسێی عێراق رێگە بە هاتنە ناوەوەی چەكدارە بیانییەكان دەدرێت بە ئاسانی بگەنە سووریا و لەوێشەوە روو لە عێراق دەكەن".
لە بەرامبەردا فرانسوا هۆلاند پەرۆشی خۆی بۆ هاتنی بۆ عێراق خستەڕوو و گوتی: "هاتووم پشتگیری فەرەنسا بۆ گەلی عێراق دەرببڕم كە زەحمەتی زۆریان چەشتووە و پشتگیری دەسەڵاتی عێراق دەكەم، ئەم دەسەڵاتانەی عێراق دەسەڵاتی فەرمین و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە هاتوون".
هەروەها گوتی: "ئەو كارە هاوبەشانە بەیەكەوە دەكەین بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وزە و توانای خۆی جارێكی دی پێشكەش بە عێراقییەكان بكاتەوە، دەبێ لە ئاستێكی نێودەوڵەتی رووبەڕووی داعش ببینەوە، لەناوبردنی ئەو تیرۆرەش ئەركی عێراق و هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە".
هۆلاند گوتیشی: "رەنگە ئەم تیرۆرە بە هەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە و هەڕەشە لە هەموو وڵاتان بكات، هەوڵی فەرەنساش دەستپێشخەرییەكە بۆ ئەوەی هاوكاری عێراق بكات لە رێگەی گرێدانی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە پاریس، یەكەم هەنگاویش هەماهەنگی هەوڵەكانە بۆ ئەوەی هەموو وڵاتان یارمەتی عێڕاق بكەن، دووەم ئامانج پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆییە. سێیەم ئامانجیش دەسەتەبەری ئاساییشە بۆ ئەوەی پشتگیرییەكی سەربازی بۆ عێراق دروستبكرێت".
ئاشكرایشی كرد، كە فەرەنسا تاوەكو ئێستا 70 تۆن هاوكاری مرۆیی پێشكەشی ئاوارەكانی عێراق كردووە، "ئێستاش سەرقاڵی ناردنی كاروانێكی سەربازین بۆ عێراق ئەمەش رێككەوتووین لەسەری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێڕاق". ئاماژەی بەوەشكردكە پشتیوانی لە كەمینەكانی عێراق دەكەن، كاتێك كە بارێكی لەناكاو دروستدەبێت، بۆیە ئامانجی خۆمان جێبەجێ دەكەین، فەرەنسا ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی زیاتر هاوكاری و كۆمەك پێشكەش بكات".
هۆلاند لە وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت ئەنجامدانی ئەو كۆنفڕانسەی كە بڕیارە لە 15 ی ئەیلوول لە پاریس ببەسترێت گوتی: "كاتێكی گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنفڕانسە، بۆ ئەوەی عێراق ئەوە بزانێت كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی دەگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ