"شەهیدانى پێشمەرگە" تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراق دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ

لە هەموارى یاسای دەزگاى شەهیدانى عێراقدا قەرەبووکردنەوەى شەهیدانى پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەوەى کە شەهیدبوونیان لە دەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستان بووبێت، ئەندامێکى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "دەبێت قەرەبووکردنەوەکە شەهیدانى پێشمەگە لەناو سنوورى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە و بەهۆى ئەوەوە تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساکەمان راگرت."
 
رۆژی 11ى  ئەیلوولی 2023، پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە و یەکێک لە بڕگەکانى خوێندنەوەى یەکەم بوو بۆ پڕۆژەیاسای هەموارى یەکەمى یاساى دەزگاى شەهیدانى عێراق کە لەساڵى 2016 دەرچووە، بەهۆى ناکۆکى لەبارەى ئەو پێشمەرگانەى هەرێمى کوردستان کە قەرەبووى دەزگاکە دەیانگرێتەوە، خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاساکە راگیرا.
 
بەگوێرەى هەموارى یاساکە کە کۆپیەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، بڕگەیەک بۆ مادەى یەکەمى یاساکە زیاد دەکرێت کە تایبەت بە پێناسەى شەهیدان و تێیدا هاتووە: "شەهیدانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانەى کە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانن."
 
رۆژی 12ى ئەیلوولی 2023، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان، قوربانیان و زیندانیان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى شەهیدانمان راگرت، بەهۆى ئەوەى کە بەگوێرەى هەموارەکە تەنیا ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لە ناوچەکانى سنوورى مادەى 140 شەهید بوون، لەکاتێکدا کە پێشتر پێشمەرگە لە سنوورى هەرێمى کوردستان بەدەستى داعش یان گرووپەکانی دیکە شەهید بوون و دەبێت ئەو قەرەبووە بیانگرێتەوە".
 
چرۆ حەمەشەریف ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا تاوتوێکردنى هەموارەکە دوابخەن، تاوەکو داڕشتەیەک دەدۆزنەوە کە شەهیدانى پێشمەرگە لە سنوورى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە.
 
 
بەگوێرەى یاسای دەزگاى شەهیدانى عێراق کەسوکارى شەهید مووچەیەکى خانەنشینیی دەبێت کە هێندەى مووچەى هاوپیشەکانى شەهیدەکەى دەبێت کە بەردەوامن لە ئەرکدا و پارچەیەک زەوى یان یەکەیەکى نیشتەجێبوونى پێدەدرێت و ئەگەر بەوەش قایل نەبوو، بە پارە دەخەمڵێندرێت و پارەکەى دەدرێتێ.