رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینی دەکات، یەکەم شەپۆلی خۆڵبارینى ئەم ساڵ روو لە عێراق بکات کە سەرچاوەکەی لە دەرەوەی وڵاتە و مەودای بینین بۆ یەک کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێشبینی دەکرێت ئەو خۆڵبارینە رۆژی شەممە (14ی شوبات) رووبدات و مەودای بینین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەم بکاتەوە، بەتایبەت لە ناوچە بیابانییەکاندا.
بەگوێرەی پێشبینییەکەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، سەرچاوەی خۆڵبارینەکە شەپۆلێکی مامناوەندە کە لە باکووری ئەفریقاوە روو لە عێراق دەکات.
عامر جابری رایگەیاند: کە ئەو شەپۆلە لە دوای سووریا روو لە عێراق دەکات و ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە، خێرایی با دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە یەکەم خۆڵبارینە ئەم ساڵ عێراق بگرێتەوە و سەرچاوەکەی شەپۆلێکی دەرەوەی وڵات بێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما دابەزێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ