رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی گرووپی چەکداریی"سەرایا ئەولیای دەم" هەڕەشە لە هێزە بیانییەکان دەکات و دەڵێت، هەندێک لەو شەڕکەر و راوێژکارانەی هاتوونەتە عێراق، چیدی بڕیاری چوونە دەرەوەیان لەدەست خۆیاندا نییە. ئاماژە بەوەش دەکات کە "هەندێک لەو کەسانەی دووژمن ونیکردوون، رێگەی گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان نادۆزنەوە."
ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی موقاوەمەی ئیسلامی "سەرایا ئەولیا دەم" لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "لەم جەنگەدا مێژوو تەنیا بە ژمارەی مووشەکەکان نانووسرێتەوە، بەڵکو بە ناوی ئەو کەسانەش دەنووسرێتەوە کە لەناکاو لە ریزی دوژمناندا ون بوون."
جەعفەری لە پەیامەکەیدا دەڵێت، هەندێک لەو کەسانەی وەک شەڕکەر یان راوێژکار چوونەتە نێو خاکی ئەوانەوە، "بەم زووانە بۆیان دەردەکەوێت کە چوونە دەرەوەیان لەو خاکە، بڕیاری خۆیان نییە."
گوتەبێژی ئەو گرووپە ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ئەنجامەکانی مەیدانی جەنگ لە کاتی خۆیدا راناگەیێندرێن، چونکە بە گوتەی ئەو هەندێک لە رووداوەکان پێویستییان بەوەیە سەرەتا مەیدانی جەنگ هێمن بێتەوە. گوتیشی: "هەندێک ونبوو لەلایەن دووژمنەوە بە شێوازێک لە شێوەکان هەن، کە هەموو ونبووێک رێگەی گەڕانەوە بۆ بنکەکانی خۆی نادۆزێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەبو مەهدی جەعفەری دەڵێت: "سەبری پێویستمان هەیە تاوەکو کاتی قسەکردن دێت، ئەو کاتە هەمووان تێدەگەن بۆچی راگەیاندنی زانیارییەکان دواکەوت."
رۆژی 28-2-2026 لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا، ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەو گرووپە چەکدارییە لەو رۆژەوە، بەرپرسیاریەتی ژمارەیەک هێرشی لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ