رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆبوونەوەی ئەمشەوی خۆی دواخست کە بڕیاربوو تێیدا پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەڵێت: "کاتەکە بۆ دیدار و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان تەرخان دەکرێت."
رۆژی دووشەممە، 13-04-2026، هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی و عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دواخراوە بۆ رۆژی چوارشەممە.
پێشتر وا بڕیاربوو ئەمشەو لایەنە شیعەکان لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ناوی بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی بکەنەوە، بەڵام بەپێی گوتەی عەلی دیفاعی، بڕیاردراوە کاتەکە بۆ گفتوگۆی دووقۆڵیی نێوان لایەنەکان تەرخان بکرێت.
دوای ئەوەی لە 11ـی نیسان نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا، بەپێی دەستوور دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان (کە ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگییە) ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران پێشکێش بکات.
ئێستا کێشەی سەرەکیی نێو ماڵی شیعە لەسەر ئەوەیە کە ئایا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەک بەربژێر دەمێنێتەوە، یان لایەنەکان لەسەر کەسایەتییەکی دیکە رێکدەکەون.
پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕیوە و وڵات هێشتا لەلایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوەدەبرێت. یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی پێکنەهێنانی حکومەت، ناکۆکیی قووڵی نێوان جەمسەرە شیعەکانە لەسەر کەسی یەکەمی حکومەت.
لە 12ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەرژەوەندیی نووری مالیکی لە بەربژێربوونی بۆ سەرۆکوەزیران کشایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوی مالیکی یان هەر کەسێکی دیکە نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ