رووداو دیجیتاڵ
کەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران و بڕیارە شەوی دووشەممە لەسەر ئەو پرسە لە ماڵی عەممار حەکیم کۆببنەوە، ئەو هاوپەیمانییە کە گەورەترین فراکسیۆن و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەیە، لە بڕیاری تاک بەربژێرێکەوە کە نووری مالیکییە دەچێتە قۆناخی تاوتوێی یەکلاکردنەوەی پۆستەکە لەنێو ژمارەیەک بەربژێری دیکەدا.
پێکهێنانی حکومەت ئێستا لەدەست هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکاندایە، لەدوای ئەوەی 11ی نیسان، نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام شیعەکان هێشتا بە فەرمی ناوی بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رادەست نەکردووە تاوەکو بۆ پێکهێنانی حکومەت رایبسپێرێت.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، ئەحمەد عیساوی، ئەندامى دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکات بە رووداوی گوت: "ئەمشەو لە ماڵی بەڕێز عەممار حەکیم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکەن."
بەگوێرەی دەستوور، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە گەورەترین فراکسیۆن لە ماوەی 15 رۆژدا ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران بداتە سەرۆککۆمار.
ناکۆکیی نێو شیعەکان لەسەر ئەوەیە کە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەک بەربژێری فراکسیۆنەکەیان بمێنێتەوە یان بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن.
ئەحمەد عیساوی گوتی: "بە فەرمی نووری مالیکی لە بەربژێربوون نەکشێنراوەتەوە و زۆرینەی سێیەکی پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش واژۆکانیان نەکشاندووەتەوە. بەربژێرە سەرەکییەکان جگە لە مالیکی، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە نووری مالیکی یان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری رێککەوتن و سازان لەدەرەوەی ئەو بەربژێرانە بخەنەڕوو.
لایەنە پێکهێنەرەکانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە 180 کورسیی پەرلەمانی عێراقیان هەیە و گەورەترین فراکسیۆنن، پێشتر دوو لە پێکهێنەرانی ئەو هاوئاهەنگییە بەربژێربوونی نووری مالیکییان پەسەند نەکردووە.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم، کە یەکێکە لەو 12 سەرکردەیەی بەشدار دەبن لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە رووداوی گوت: "ماوەیەکی زۆرمان لەبەردەستە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، لە ئەمشەوەوە گفتوگۆکان دەستپێدەکەن کە ئایا نووری مالیکی بمێنێتەوە یان بەربژێرێکی دیکە دیاری بکرێت لەنێو چەند کەسێکی دیکەدا کە دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەکان بەدەست بهێنێت."
بەگوتەی عامر فایز، ئەو کەسانەی دیکە کە ناویان لەبەردەست چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ ئەوەی ببنە بەربژێر ئەگەر نووری مالیکی لە بەربژێربوون نەمێنێت، بریتین لە: حەیدەر عەبادی، محەممەد شیاع سوودانی، باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، عەلی شوکری، وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق، محەممەد ساحیب دەراجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
پێنج مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێنراوە و حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە، یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی، ناکۆکیی شیعەکانە لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت: "چەند ناوێک لەبەردەستدان بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە بەربژێر بۆ سەرۆکوەزیران. کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ گفتوگۆکردنە بۆ دیاریکردنی بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، پێموایە مالیکی چووەتە دەرەوەی بازنەی بەربژێربوون."
12ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەرژەوەندیی نووری مالیکی لە بەربژێری سەرۆکوەزیران کشایەوە، ئەگەرچی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە 45 کورسی، زۆرترین کورسیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە 11ی کانوونی دووەمی 2025 بەدەستهێنابوو.
محەممەد خالیدی، ئەندامی سەرکردایەتییهاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێیوایە، محەممەد شیاع سوودانی "زۆرترین چانسی" هەیە لەنێو ئەو بەربژێرانەی هەن و بە رووداوی گوت: "بەربژێری رێککەوتن و سازان رەتدەکەینەوە، پرسەکە پەیوەندیدارە بە بەرکەوتەى هەڵبژاردن."
بەگوتەی محەممەد خالیدی، رێککەوتنی محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ نووری مالیکی وابووە کە ئەگەر لەدوای کشانەوەی، بەربژێریی مالیکی قبووڵ نەکرا، سوودانی جارێکی دیکە دەبێتەوە بە بەربژێری ئەو پۆستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ