وەزارەتى گواستنەوەى عێراق: راگرتنى گەشتەکان و داخستنى ئاسمانى عێراق تاوەکو کاتێکى نادیار بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند: راگرتنى گەشتەکان و داخستنى ئاسمانى عێراق تاوەکو کاتێکى نادیار بەردەوام دەبێت و ئەو هەنگاوە بۆ بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکەوانیی مەدەنییە لە ئاسمانی عێراقدا.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کە رۆژی هەینى 13ـی حوزەیرانى 2025 راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەهۆی بارگرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران، راگرتنی تەواوى گەشتی ئاسمانی لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق و داخستنی کاتیی ئاسمانی وڵات بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانیی ئاسمانیی بە شێوەیەکی قۆناخ بەقۆناخ، ئاسمانی عێراقی لە فڕۆکە هاتوو و رۆیشتوو و تێپەڕبووەکان چۆڵکردووە و تاوەکو کاتێکی نادیاریش ئاسمانی وڵاتەکەی داخستووە.
ئەوە دووەم راگەیێنراوى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بوو کە رۆژی هەینى لە بارەى راگرتنى کاتى گەشتەکان بڵاوی بکاتەوە، پێشتر رایگەیاندبوو، گەشتەکانى بەشێوەیەکى کاتى راگرت و ئاسمانى عێراقیشى داخست.
راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق بەهۆى ئەوە بوو کە ئیسرائیل چەند ئامانجێکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد و سێ بەرپرسى باڵاى سەربازى و شەش زاناى ئەتۆمى کوژراون.