رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتار بۆ جاری شەشەم لەدوای یەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێویستیان بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەستهێنا. سێ کەسی دیکە پێنجەم جارە دەنگ بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەست دەهێنن کە دووانیان لە کەرکووکن.
دەرکەوتنى ئەو ئەنجامە بەگوێرەى ئامارەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان کە 12ى تشرینى دووەم بڵاوی کردەوە .
دوو پەرلەمانتار بۆ جاری شەشەم دەبنە پەرلەمانتار
عالیە عوبێدی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا توانی بۆ جاری شەشەم ببێتە پەرلەمانتار، دوای ئەوەی 9522 دەنگی بەدەستهێنا و لە ریزبەندی نۆیەمی زۆرترین دەنگی لیستەکەی بوو کە لەو پارێزگایە کە 15 کورسی بەدەستهێناوە.
ئەو بەربژێرە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی دەوڵەتی یاسادا بوو کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات. ئەمجارە بووە بەربژێری لیستەکەی محەممەد شیاع سوودانی.
ئەو هاوکێشەیە بۆ فەلاح لهێبی، بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم لە نەینەوا بەهەمان شێوەیە کە بۆ جاری شەشەم دەبێتەوە پەرلەمانتار.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لیستی تەقەدووم لە نەینەوا پێنج کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، فەلاح لهێبی بە 11 هەزار و 634 دەنگ لە ریزبەندی چوارەمدایە.
سێ بەربژێر بۆ پێنجەم جار دەرچوون
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێنج پەرلەمانتار بۆ خولی پێنجەم لەسەر یەک خۆیان بەربژێرکردبوو.
ئەرشەد ساڵحی بۆ پێنجەم جار لە لیستی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک خۆی بەربژێر کردەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بە بەدەستهێنانی 26 هەزار و 663 دەنگ.
محەممەد تەمیم، بەربژێری لیستی تەقەدووم بەهەمان شێوە و لە کەرکووک بۆ جاری پێنجەم ئەندامێتی لە پەرلەمان مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی 37 هەزار و 160 دەنگی بەدەستهێنا.
ساڵح جەیاشی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە موسەننا، دەبێتە سێیەم کەس کە بۆ جاری پێنجەم دەبێتە پەرلەمانتار، دوای ئەوەی بە 22 هەزار و 948 دەنگ ریزبەندی یەکەمی لیستەکەی بوو کە دوو کورسی بەدەست دەهێنێت.
سوعاد نەجەفی کە پێنجەم جارلە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە نەجەف خۆی بەربژێر کردبوو، نەیتوانی ببێتەوە پەرلەمانتار، ئەگەرچی چوارەم دەنگی لیستەکەی بوو بە 6896 دەنگ، بەڵام لیستەکەی دوو کورسی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا.
تەڵال زەوبەرعی، بەربژێری لیستی سەروەریی نیشتمانیی سوننەکان لە بەغدا بۆ پێنجەم جار خۆی بەربژێر کردبوو، ئەگەرچی لیستەکەی چوار کورسی بەدەستهێناوە و ئەو بەربژێرەش بە 6124 دەنگ لە ریزبەندی چوارەمە، بەڵام بەهۆی جێگرتنەوەی بە کۆتای ژن، ناتوانێ ببێتە پەرلەمانتار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ