بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە 7 فڕۆکەی کوێتی لە فڕۆکەخانەی بەسرە نیشتنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە پێشوازیی لە 7 فڕۆکەی کوێتی کردووە، کە بە ناچاری نیشتوونەتەوە.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیشتنەوەی ئەو 7 فڕۆکە کوێتییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، بەهۆی خراپیی کەشوهەوای کوێتەوە بووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، نیشتنەوەی فڕۆکەکان بەپێی ئازادیی دووەمی فڕۆکەوانیی شارستانی (Technician stopped) بووە، کە رێگە بە فڕۆکە دەدات بۆ مەبەستێکی نابازرگانی لە وڵاتێکی دیکە بنیشێتەوە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بە کاراییەکی بەرزەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و بە تەواوی ئامادەیە بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی گەشتیاران.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 9-11-2025 فڕۆکەخانەی بەسرە بە هەمان هۆکار پێشوازی لە 9 فڕۆکەی دیکەی کوێتی کردبوو.