نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی کۆبوونەوە؛ 'گرنگە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی د. عادل عه‌بدولمه‌هدى، سياسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووترى عێراقى فيدراڵ كرد و هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر 'گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆ و ديدار و چاوپێكهوتنهكانى نێوان لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق بە گيانێكى نيشتمانييانه.'
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (14-1-2024) راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "له ديدارێكدا ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى و گشتيى عێراق و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و لێكه‌وته‌كانى، بيروڕايان گۆڕييهوه و باسيان له هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌ت فيدراڵيى عێراق له‌مباره‌وه كرد."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆ و ديدار و چاوپێكهوتنهكانى نێوان لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق بە گيانێكى نيشتمانييانه بۆ لێكگه‌يشتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى هه‌مووان."
عادل عەبدلمەهدی، ئەو سیاسەتمەدارەی عێراقە کە لەکاتی راسپاردنی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران لەیەنە شیعە جیاجیاکان لەسەری کۆک بوون، لایەنە سونییەکان رەخنە و ناڕەزایی گەورەیان بەرامبەری نەبوو و هەمووانیش بە دۆستی کورد ناویان دەبرد. ئەو لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 بۆ ئایاری 2020 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەچوارچێوەی سەردانێکییەتی بۆ بەغدا لە شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، کە لە هەمان رۆژدا لەگەڵ لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، جەختی لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر - بەغدا کردووەتەوە. داوای کردووە لە کاتێکدا هەمواری یاسای بودجە دەگاتە پەرلەمانی عێراق، گرفتی لەبەردەم دروست نەکرێت بۆ ئەمەش رەزامەندی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکاندا بەدەستهێناوە.
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هەبووە، وەک کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.