دوای رەخنەگرتن لە پارێزگار ماڵی كچێكی تەمەن 13 ساڵی عێراقيى سوتێنرا

14-02-2016
حەکیم داود
نیشانەکردن عێراق بابل
A+ A-

رووداو - AFP

دوای ئەوەی رۆژی هەینی رەخنەی لە پارێزگاری شارەكەی گرت، رۆژی شەممە 13-2-2016 ماڵی كچێكی تەمەن 13 ساڵ لە پارێزگای بابل سوتێنرا.

رەوەن سەلیم حوسێن، كچێكی تەمەن 13 ساڵی دانیشتووی قەزای حیلەی سەر بە پارێزگای بابلە لە باشووری بەغدا، رۆژی هەینی رەخنەی لە سادق مەدلوول سوڵتانی، پارێزگاری شارەكەی گرت و تەحەدای كرد بۆ دیبەیتێكی راستەوخۆ، بەگوتەی باوكی دوای شەش كاژێر لە قسەكانی كچەكەی، ماڵەكەیان سوتێنراوە.

رەوەن سەلیم، كە یەكێكە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كلتووری لە فەرەنسا و چالاكێكی وارەكانی مافەكانی منداڵ و منداڵی بێ‌ باوكە، رۆژی هەینی 12-2-2016 لەمیانی بەشداری لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی لەبارەی رەوشی كلتووری لە شاری بابل رایگەیاند "دەتوانێت بیسەلمێنێت پارێزگاری بابل، شارەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا".

باوكی رەوەن سەلیم رایگەیاندووە، ماڵەكەی ئەوان لە حیلەیە لە باشووری بەغدا "ئاگركەوتنەوەكەش شەش كاژێر دوای قسەكانی كچەكەی بووە لە تەلەڤزیۆنی بەغدادییە".

بەگوتەی پۆلیسی شارەكە هیتەری كارەبایی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەیە، بەڵام سەلیم حوسێن دەڵێت "هیتەرەكەیان كوژاوە بووە و ئاگرتێبەردانی بە ئەنقەست هۆكاری رووداوەكەیە".

ئەو پیاوە كە كچەكەی بەهۆی تواناكانی خۆیەوە بەشداری پرۆگرامێكی نێودەوڵەتی كلتووری كردووە لە فەرەنسا، دەڵێت "رووداوەكە چەند پرسیارێك دروست دەكات، بەتایبەت كاتی روودانەكەی "بۆچی شەش كاژێر داوی ئەوەی رەوەن لەسەر تەلەڤزیۆن قسەی لەبارەی پارێزگار كرد، ئەو رووداوە روویدا؟"

بەگوتەی سەلیم حوسێن، لەكاتی كەوتنەوەی ئاگرەكە، خۆی و كچەكەی لە خۆپیشاندانێكدا بوون لە شاری بەغدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە