رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عێراقی ئەمڕۆ شانازی بە یەکپارچەیی و برایەتی پێکهاتەکانی دەکات لەژێر سایەی سیستمێکی دەستووریی دیموکراسیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 38 ساڵ بەسەر تاوانەکانی ئەنفالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سوودانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "بە خەمێکی قووڵ و یادکردنەوەیەکی پڕ لە ئازارەوە، یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە رەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە رژێمی دیکتاتۆری پێشوو و دەستە تاوانبارەکانی دژی رۆڵەکانی گەلی کوردمان لە شاڵاوە وەحشیگەرییەکانی ئەنفالدا ئەنجامیاندا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە زیاتر لە سێ دەیەی پێش ئێستا، هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لە شار و گوند و شارۆچکەکاندا "رووبەڕووی قێزەونترین جۆری کوشتن و ئەشکەنجە بوونەتەوە کە لە هەموو بەها و دابونەریت و یاساکان بەدەر بوون."
سوودانی لە پەیامەکەیدا جەختی لە پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسییەکان کردووەتەوە و دەڵێت، "لەکاتێکدا یادی ئەو شاڵاوە تاوانکارییانە دەکەینەوە، ئەمڕۆ شانازی بە یەکپارچەیی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوەکانی دەکەین، لەژێر سایەی سیستمێکی دەستووریی فرەیی و دیموکراسیدا، کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بە کەرامەت و ئازادی و بەبێ جیاکاری دەژین."
شاڵاوەکانی ئەنفال کە لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان و وێرانکردنی هەزاران گوند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ