چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی مالیکییە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لەسەر رژدبوونی نووری مالیکی وەستاوە لەسەر مانەوەی وەک بەربژێر یان کشانەوەی بەو مەرجەی خۆی بەربژێرە نوێیەکە دیاری بکات.
 
کۆبوونەوەی هەفتانەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دەبوو شەوی دووشەممە 13ی نیسانی 2026 بکرێت، دواخرا بۆ دوو رۆژ دواتر.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت، "دواخستنەکە بۆ دەرفەتدان بوو بە گفتوگۆی زیاتر لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتووە، دواخستنەکە لەسەر داوای یەکێک لە 12 سەرکردەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە، ئەگەرچی زۆرینەی سەرکردەکانیان ئامادە بوون بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن کە بڕیار بوو لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بکرێت.
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، تاوەکو ئێستا بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام هەندێک لە لایەنە شیعەکان لە دژی بەربژێرکردنین بەهۆی ڤیتۆی سەرۆکی ئەمریکا.
 
بەگوتەی عەقیل ردێنی، نووری مالیکی پێشنیازی کردووە لە ئەگەری بڕیاردانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دوورخستنەوەی لە بەربژێربوون، باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری بەربژێر بکرێ.
 
باسم بەدری تەنیا کەس نییە کە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێتە یەکێک لە بژارەکان ئەگەر نووری مالیکی لە بەربژێربوون بکشێتەوە؛ حەیدەر عەبادی، محەممەد شیاع سوودانی، عەلی شوکری وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق، محەممەد ساحیب دەراجی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەنێو بژارەکانی ئەو هاوپەیمانییەدان.
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا حیزبی دەعوە نووری مالیکی بە بەربژێری خۆی دەزانێت و نەیانکشاندووەتەوە، دۆخەکە لەو قۆناغەدایە کە نووری مالیکی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگەنە رێککەوتن، تێڕوانینەکە بەرەو ئەوەیە کە ئەگەر مالیکی لە بەربژێری دوورخرایەوە، مەرجی ئەوە بێت سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو ئەو پۆستە وەرنەگرێت و خۆی جێگرەوەیەک بۆ بەربژێربوون دیاری بکات.
 
12 رۆژ لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکەی، تاوەکو بە فەرمی بدرێتە سەرۆککۆمار و ئەویش رایسپێرێت کە لە ماوەی 30 رۆژدا حکومەتەکەی پێکبهێنێت کە شیعەکان تێیدا زۆرینە دەبن.
 
محەممەد خالیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرکردایەتیی دەکات، بە رووداوی راگەیاند: پۆستەکان لە حکومەتی نوێ بەگوێرەی خاڵ دیاری دەکرێن؛ وەزارەتە بچووکەکان لەنێوان دوو بۆ چوار خاڵن، وەزارەتە گرنگەکان لە پێنج خاڵ بۆ سەرەوەن، پۆستی سەرۆکوەزیران 25 بۆ 30 خاڵی پێویستە. خاڵەکان لەسەر بنەمای کورسییەکانیان لە پەرلەمان دیاری دەکرێن کە هەر پێنج پەرلەمانتار دوو خاڵ پێکدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: دوو باندی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی حەوت بازرگانی مادەی هۆشبەری لە بەغدا و بەسرە رادەگەیێنێت، کە رێگەیەکی نوێیان بۆ گواستنەوە و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە بەکارهێناوە