رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا راگەیاند، کە لە قۆناخی یەکەمدا بەغدا و لە قۆناخەکانی دواتردا تەواوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکدا پڕۆژەکە لە هەموو پارێزگاکان تەواو دەبێت.
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق، دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی چاودێریکردنی کوالێتیی هەوای لە بەغدا راگەیاند. وەزیری ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، هەر بۆیە "بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا سەنتەرێکی نیشتمانی بۆ چاودێری و دیاریکردنی کوالێتیی هەوا لە ناوچەی وەزیرییەی بەغدا دامەزراوە."
لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە بەغدا چوار وێستگەی سەرەکی و 20 وێستگەی لاوەکی بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا جێگیر کراون. پڕۆسەکە نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە و هەندێک وێستگەی کۆنیش چاکسازییان بۆ کراوە."
سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەو وێستگانە، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە گوتی، "کوالێتیی هەوا رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەندێکجار باشە و هەندێکجاریش خراپ. ئێمە لە ماوەی ساڵێکی تەواودا داتا کۆدەکەینەوە تاوەکو بتوانین هەڵسەنگاندنێکی گشتی و زانستی بۆ تێکڕای کوالێتیی هەوا لە ساڵێکدا پێشکەش بکەین."
لەبارەی دانانی وێستگەی هاوشێوە لە پارێزگاکانی دیکە و هەرێمی کوردستان، لوئەی موختار دەڵێت، "پڕۆژەیەکمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و چەند لایەنێکی دیکە هەیە، مەبەست لێی ئەوەیە لە ماوەی ساڵێکدا وێستگەکانی چاودێری کوالێتیی هەوا هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ کێشە ژینگەییەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ