رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، 10 ملیۆن دۆلار دەدەنە هەر کەسێک زانیارییان سەبارەت بە ئەحمەد حمێداوی، سەرکردەی کەتائیبی حیزبوڵـڵا پێبدات.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی نیسانی 2026، پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "تاوەکو 10 ملیۆن دۆلار بەرامبەر دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەحمەد حمێداوی دەدەین".
ئەحمەد موحسین فەرەج حمێداوی بە ئەبو حوسێن حمێداوی ناسراوە و لە ساڵی 1971 لەدایکبووە. حمێداوی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە. ئەمریکا لە 26ـی شوباتی 2020 خستییە "لیستی تیرۆرەوە".
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "حمێداوی سەرکردەی کەتائیبی حیزبوڵڵایە کە گرووپێکی تیرۆریستیی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق و بەرپرسە لە هێرشکردنەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوانی عێراقی".
28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک هێرشیکردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش لە ناوچەکەدا چوونە نێو جەنگەکەوە، لەوانەش گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە 40 رۆژی جەنگدا 831 هێرشی بە درۆن و مووشەک کرد کە بەشێکی بەرچاویان بۆسەر هەرێمی کوردستان بوون.
هێرشی ئەو گرووپانە وەڵامی تووندی بەدواوە بووە. رۆژی 9ـی نیسانی 2026، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی پێگەکانی حەشدی شەعبی لە ماوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سێ فەرماندە و 22 چەکداریان کوژراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حەشدی شەعبی لە 40 رۆژی جەنگدا، 95 جار بنکە و بارەگاکانی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون و 79 چەکداریان کوژراون. حەشدی شەعبی دەڵێ، بۆردوومانکردنیان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بووە.
زۆرترین گرووپ کە لەم ماوەیەدا بۆردوومان کران هەردوو لیوای 45 و 47ی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بوو کە 12 جار بۆردوومان کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ