ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران لە بەغدا لەگەڵ راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە، رێککەوتنى ئەمنى نێوانیان و ئاسایشى سنووریان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکەی نێوان ئیسماعیل قائانی و قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایارى 2025 لەبەغدا کراوە.
قاسم ئەعرەجی لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ئێران و هەوڵە هاوبەشەکان کردووە بۆ پاراستنى سنوور و قۆناخەکانى جێبەجێکردنى خاڵەکانى رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵات.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان بە مەبەستی هاوئاهەنگی بۆ پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد و بە رێککەوتنى ئەمنى نێوانیان ناسرا.
قاسم ئەعرەجی دەڵێت: "هەردوولادا جەختمان لە گرنگى سەرکەوتنى دانوستانى نێوان واشنتن و تاران کردەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەموو لایەک بە دیالۆگ و هێورکردنەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیرى بەردەوام لە ناوچەکەدا."