کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

14-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کار دەنگدان بوو بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، نەکرا و بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان، بۆ رۆژی دووشەممە (18-09-2023)ی هەفتەی داهاتوو دواخرا."

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدات و پەسندی بکات، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا و دواخرا بۆ دووشەممەی داهاتوو.

تۆڕی میدیایی رووداو دوایین دەقی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و پێشنیازەکانی هەردوو لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی دەستکەوتووە. رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە:

مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە نۆزدە لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
 
مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پێشنیازی کردووە، کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە دەبێت.
 
مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن. هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە، "پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن."
 
مادەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
 
هۆکارەکانی دەرچوواندن
 
بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەناوچوو لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بە چەکی کیمیایی قەدەخەکراو؛ هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم رەشنووسە پەسندکرا.
 
پێشنیازی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی بۆ هۆکاری دەرچووانی ئەو یاسایە بەو شێوەیەیە: "بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەناوچوو، ئەم یاسایە پەسندکرا."
 
ئەگەر هەڵەبجە بکرێت بە پارێزگا، دەبێتە 19یەمین و بچووکترین پارێزگای عێراق لەڕووی دانیشتووان و رووبەرەوەوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 135 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمه‌تر چوارگەشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
10 ساڵ پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەنگاوەکانی بۆ بە پارێزگاکردنی ئەو شارەی بە سیمبولێکی قوربانیدانی گەلی کوردستان دادەنرێت، دەستپێکرد.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی بەنووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکی و رێگرییەکانی ئەو کات رەشنووس و بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی راگرت.
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانی عێراقە، مێژووی بە قەزاکردنی شارەکە بۆ ساڵی 1889 دەگەڕێتەوە، واتە لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق.
 
رۆژی 13ى ئادارى 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارى بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.