رووداو- مەدی پریس
لە رۆژانی جەژن خەڵکی پیرۆزبایی لێکدەکەن و گەورەکان بڕە پارەیەک وەک جەژنانە دەدەن بە منداڵان. بەر لە جەژن باوانی منداڵان لە بازاڕەکان جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵەکانیان دەکڕن، بەڵام ئەو منداڵانەی لە خانەی بێ باوکان و دایکانن بێبەشن لە نازی دایک و باوک، کوشتن و بڕین لە عێراق بۆ ماوەی نیو سەدەیە بە هەزاران منداڵای بێ دایك و باوك كردووە.
حەیدر حەمید، منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ، دوای ئەوەی باوکی لە تەقینەوەیەک دەمرێت، دایکشی بە هۆی نەخۆشییەوە ماوەیەک دوای باوکی كۆچی دوایی دەكات، ئیتر بێ لانە مایەوە و شەقامەکانی بەغدا بوونە ماڵی هەمیشەیی.
ئەو لە نزیک بازگەکان و ترافیکەکان رۆژانە بە فرۆشتنی کلینس و بنێشت داهاتی خۆی پەیدا دەکرد. کەسوکارەکەشی نەیانگرتە خۆی و بێکەس مایەوە. بۆیە شەوان لە سەر شەقامەکان دەخەوت تاوەكو ئەو رۆژەی سەرپەرشتیاری خانەی ئەلوەد دەیبینێت و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ ئەو خانەیە.
حەیدەر ماوەی 7 ساڵە لە خانەی ئەلوەدە، ئەو منداڵانەی لەگەڵیدان بوونەتە خێزانی. لەم خانەییە منداڵان فێری هونەری چنین و دوورین، بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، ژەنینی موسیقا، چێشتلێنان و سەرتاشی بوونە. لە ماوەی سێ مانگدا حەیدەریش زۆر لێهاتوو بووە لە بەرگدوورین. هاوکات دەچێتە قوتابخانەی ئێواران بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زانکۆش تەواو بکات.
حەیدەر لە بری ئەوەی جەژنانەی پێبدرێت ئەو جەژنانەی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی بێ دایک و باوک دابینکردووە. لە رێگەی دوورینی جل و بەرگێکی هەمەرەنگ و هەمەچەشن کە ئەو منداڵانە دەتوانن دواتر بۆ قوتابخانە لە بەری بکەن.
بە هاوکاری کۆمەڵە خەڵکێکی خێرخواز لەگەڵ جەژنانەکەی حەیدەر ئەو جلوبەرگانە بە سەر منداڵانی بێ باوک و دایک لە بەشێک لە قوتابخانەکانی بەغدا دابەشکران و بەم شێوەیە دڵی سەدان منداڵی بێ نازی خۆشکرد.
خانەی ئەلوەدە لە لایەن سەرمایەدارێکی عێراقییەوە لە ساڵی 2003 دروستکراوە و هیچ کۆمەکێک لە حکومەت وەرناگرێت و منداڵانی بێ دایک و باوک لە سەر شەقامەکان هەڵدەگرێتەوە و لەو خانەیە پەروەردە دەکرێن. هەروەها فێری هونەری موسیقا، دوورین، کۆمپیوتەر و جۆرەها کاری دیکە دەبن کە لە داهاتوودا سوودی لێدەبینن.
بە پێی ئاماری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق چوار ملیۆن منداڵی بێ دایک و باوک هەیە. ئامارەکانی حکومەتی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدات کە 500 هەزار منداڵی بێ دایک و باوک لە سەر شەقامەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ