سەرۆکی ئێستا و پێشتری پەرلەمانی عێراق دەرنەچوون؛ 56 بەربژێر یەک دەنگیان هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئێستا و پێشووتری پەرلەمانی عێراق، هەروەها وەزیری نەوت لە هەڵبژاردن دەنگی پێویستیان نەهێنا و دەرنەچوون؛ هاوکات حەوت پەرلەمانتار کە خۆیان لە یەک پارێزگادا بەربژێر کردبوو، دەرنەچوون. 56 بەربژێر تەنیا یەک دەنگیان هێناوە و 54ی دیکە هەر یەکێکیان تەنیا دوو دەنگی هێناوە.
راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم بۆ بەشێک لە بەربژێران شۆکهێنەر بوو.
سەرنەکەوتنی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دیارترین سوپرایزەکانی دەنگدان بوو لە بەغدا، کە لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری نیشتمانى خۆی بەربژێر کردبوو. بەپێی ئەنجامی بەرایی کۆمیسیۆن، مەشهەدانی 3864 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەس نییە ببێتە پەرلەمانتار.
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان لە 2014-2018 کە لە لیستی سقورنا لە دیالە بەربژێر بوو، نەیتوانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات و تەنیا 5767 دەنگی بەدەستهێنا.
رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق، یەکێکی دیکەیە لە دیارترین سەرنەکەوتووەکانی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی 3364 دەنگی لە لیستی "بەدیل" لە بازنەی بەغدا بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکات.
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەغدا بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا بوو، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات و تەنیا 1392 دەنگی بەدەستهێنا.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەسرە بەربژێر بوو. لە هەڵبژاردنەکەدا 6135 دەنگی بەدەستهێناوە کە بەشی بوون بە پەرلەمانتاری ناکات.
بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویستیش بۆ بوونە پەرلەمانتار، بەشێک لەو بەربژێرانەی گرتەوە کە ئێستا لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەندامن.
زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەربژێر بوون دەرنەچوونەوە، ئەوانە بوون کە پێشتر یان وەک سەربەخۆ بەشداربوون یان لەنێو لیستی ئیمتیداد بوون کە بە یەکێک لەو لایەنانە دادەنرێ نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی تشرینی ساڵی 2019 دەکات.
ئەو پەرلەمانتارانە لەنێو لیستە شیعەکاندا خۆیان بەربژێر کردبووەوە، لەوانە: کازم موسا، فاتیمە عیساوی، نیسان زایر، سائیب حیجامی، قاسم قەرەغولی، حەمید شبلاوی، فەلاح هیلالی، نوور نافع، داود عێدان، محەممەد نووری.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن، 56 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەنیا یەک دەنگیان بە دەستهێناوە؛ هەشت لەو بەربژێرانە لە بەسرە بوون.
54 بەربژێری دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق تەنیا دوو دەنگیان بەدەستهێناوە، 51 بەربژێریش 3 دەنگیان بەدەستهێناوە.